روفاتی 21 بێسەروشوێنكراوی كوێتی لە عیراقەوە رەوانەی وڵاتەكەیان كرانەوە

16/09/2020 جیهان

نەوا
فڕۆكەیەكی تایبەتی عیراق روفاتی 21 بێسەروشوێنكراوی كوێتی گەڕاندەوە ئەو وڵاتە، كە بۆ سەردەمی شەڕی عیراق – كوێت دەگەڕێنەوە و لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا لە پارێزگای سەماوە دۆزراونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عیراق "واع" بڵاویكردوەتەوە، روفاتی 21 بێسەروشوێنكراوی كوێتی كە لە پارێزگای سەماوە لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا دۆزراونەتەوە بە فڕۆكەیەكی تایبەت براونەتەوە كوێت و بە ئامادەبونی لیژنەی خاچی سوریی نێودەوڵەتی رادەستی ئەو وڵاتە كراونەتەوە.
لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی كوێت لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، روفاتەكان بۆ دیل و بێسەروشوێنكراوە كوێتیەكان دەگەڕێتەوە و هەوڵەكان لەو مەلەفەدا بەردەوامن ئەویش لەرێگەی لیژنەیەكی سێقۆڵی هونەری كە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور سەرۆكایەتی دەكات و كوێت و عیراق و سعودیە و ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا ئەندامن تێیدا و نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان "یۆنامی" تێیدا رۆڵی چاودێر دەگێڕێت.
تەئكیدیش كراوەتەوە، پشكنینی DNA بۆ روفاتەكان دەكرێت بۆ دڵنیابونەوە لەوەی كوێتین، هەروەها سوپاسی عێراق و تیمی هونەری وەزارەتی بەرگری عیراق كردوە بۆ هەوڵەكانیان لەو كەیسە مرۆییەدا، ئەوەش سەرەڕای سوپاسكردنی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group