نەوا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوا دەكات لەمڕۆوە كۆتایی بە بایكۆتی دەوام بهێنرێت و دەرگای قوتابخانەكان بكرێنەوە بۆئەوەی پرۆسەی خوێندن دەستپێبكات.
عومەر محەمەد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بەناوی پەروەردەی سلێمانییەوە راگەیەندراوێكی خوێندەوە و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دۆخ و گوزەرانی مامۆستایان خراپە و پەتای كۆرۆناش لە ئارادایە، بەڵام وەزارەتی پەروەدە بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەری گرفتەكان، بۆیە داوا دەكەن لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاكان، دەرگاكانیان واڵا بكەن بۆ تەواوكردنی پرۆگرامەكانی خوێندن.
پەروەردەی سلێمانی دوپاتیدەكاتەوە، درێژەدان بە بایكۆت پرۆسەی خوێندن دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە داوایان لە بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایانی قوتابخانەكان كرد لەمڕۆوە كۆتایی بە بایكۆت بهێنن و دەرگای خوێندنگەكان بكەنەوە.
ئەو داواكارییەی پەروەردەی سلێمانی لەكاتێكدایە د.سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای وتوە، هەرچەندە تائێستا ئاماری فەرمی لەبارەی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە ناوەندەكانی خوێندن لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری گشتیی تەنها بۆ پارێزگای هەولێر و پارێزگای سلێمانی بەهەندێك قەزاكانیەوە لەسەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵەوە چوار هەزار و 391 مامۆستا و قوتابی ئەوانەی دەوام دەكەن توشی كۆرۆنا بون، بۆیە وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پرسی بەردەوامی یان راگرتنی پرۆسەی خوێندن تاووتوێ دەكەن.