رۆژنامەیەكی ئەمریكی هێرشدەكاتەسەر هەرێمی كوردستان: دیموكراسیبونی تەنها هاشوهوشە

28/10/2020

نەوا
رۆژنامەی "ناشیۆناڵ ئینترێست"ی ئەمریكی هێرشدەكاتەسەر هەرێمی كوردستان و پێیوایە، ئەوەی پروپاگەندەی بۆ دەكات گوایە لە بەشەكانی دیكەی عیراق دیموكراسیترە، تەنها هاشوهوشە، چونكە نە دیموكراسییە، نە سەقامگیرە وەك ئەوەی دەیەوێت پیشانی جیهانی بدات.
مایكل رۆبن نوسەری ئەمریكی لە رۆژنامەكەدا هێمای بۆ ئەوەكردوە، هەرێمی كوردستان وا دەردەكەوێت، لە ناوچەكانی دیكەی عیراق ئارامترە، بەڵام بیركردنەوە لەوەی گوایە دیموكراسیترە، پێشتر و ئێستاش تەنها هاشوهوشە.
رونیشكراوەتەوە، دوو بنەماڵە و حزبە سیاسییەكانیان لە جەنگی دووەمی كەنداوەوە و لەساڵی 1991ــەوە كۆنترۆڵی ناوچەكەیان كردوە، یەكەمیان پارتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، كە حزبێكی خێڵەكییە، دووەمیش حزبی یەكێتی، كە پێشتر جەلال تاڵەبانی سەرۆكایەتیی دەكرد، بەڵام دوای كۆچی دوایی تاڵەبانی، خێزانەكەی كۆنترۆڵیان كردوە.
نوسەرە ئەمریكییەكە باسی لەوەكردوە، لە دووفاقییەكی تونددا لەگەڵ بەغدا، لە هەرێم سەركردایەتییەكی تەقلیدی نییە، كە پابەندبن بە سەروەریی یاسا یاخود ئیرادەی هەڵبژاردنەوە، بۆ نمونە لەساڵی 1992دا هەڵبژاردنێكی نیمچەئازاد هەبوو، بارزانی و تاڵەبانی 50 بە 50 دەنگەكانیان دابەشكرد و دەستكەوتەكانیش دابەشكران.
نوسیویشیەتی "بارزانی كرایە سەرۆكی هەرێم، بەڵام دوای كۆتاییهاتنی دوو ویلایەت، رازی نەبوو دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت و چەندجارێك داوای درێژكردنەوەی كرد، بەڵام دوو بژاردەی لەبەردەمدابوو، یەكەم ئەوەبوو ببێت بە نیڵسۆن ماندێلا، یاخود یاسر عەرەفاتی كورد، ئەویش لە رێگەی كارەكانی و پابەندبون بە دیموكراسی، دووەم بژاردەش ئەوەبوو كوردستان بگۆڕێت بۆ چینێكی دەوڵەمەندی گەندەڵ، بارزانیش بژاردەی دووەمی گرتەبەر، بۆیە لە بیرەوەریدا وەك پیاوێك دەمێنێتەوە، كە بە مایەپوچی هاتە كوردستان و بە ملیاردێری خانەنشین بو".



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group