وەزیری ناوخۆی فەرەنسا: ژمارەیەك توندڕەوی دیكە دەردەكەین

30/10/2020 جیهان

نەوا
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەكەی چاوەڕێی هێرشی زیاتری هاوشێوەی هێرشەكەی نیس دەكات كە تێیدا پەلاماردەرێك بەچەقۆ سێ كەسی كوشت و ژمارەیەكی دیكەشی برینداركرد، هاوكات وتیشی، ژمارەیەك كەسی توندڕەویان دەركردووە و بەردەوامیش دەبن.
جێراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، رایگەیاند، وڵاتەكەی لە شەڕدا نیە دژبە ئایینێك بەڵكو لەشەڕدایە دژبەو ئایدۆلۆژیا ئیسلامییەی كە دەیەوێت یاسا كەلتوری و كۆمەڵایەتییەكانی بسەپێنێت. ئەو دوژمنەش لە ناوخۆ و دەرەوەیە. دەبێت بزانن كە هاوشێوەی ئەو هێرشە ترسناكەی لە نیس رویدا، جارێكی دیكە دوبارە دەبێتەوە.
باسی لەوەشكرد، لەئێستادا بەشێوەیەكی تایبەت كراونەتە ئامانج بەهۆی ئەو بانگەشە زۆر توندانەی بۆ رقلێبونەوە دەكرێن لەلایەن هەندێك لە سەركردەكانی وڵاتانی بیانییەوە، لەوانە لێدوانە ئابڕوبەرەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوانەی دەڵێن، بەداخستنی سنورو دەركردنی بیانییەكان لەوڵات كێشەی تیرۆر چارەسەر دەبێت، درۆ لەگەڵ فەرەنسییەكان دەكەن.
باسی لەوەشكرد، لەماوەی مانگی رابردودا بڕیاری دەركردنی 14 كەسی توندڕەو جێبەجێكراوەو بڕیاریشە 18 كەسی دیكە لەماوەی چەند رۆژی داهاتودا دەربكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group