نوسەرێكی ئەمریكی: ئەمریكاش هەمان چارەنوسی عیراقی دەبێت

16/11/2020 جیهان

نەوا
ستیڤن كوك نوسەر و شارەزا لە لێكۆڵینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەڵێت "داهاتوی ئەمریكا بەرەو ئەوە دەچێت، كە ئەمڕۆ عیراقی تێدایە".
ستیڤن كوك لە وتارێكدا، كە لە گۆڤاری Foreign Policy بڵاویكردوەتەوە، باسی لەوەكردوە، هەر گەلێك ئەگەر نەیتوانی لەسەر دیاریكردنی ناسنامەیەكی هاوبەش و كۆمەڵێك بیركردنەوەی تایبەت بە دڵسۆزییان بۆ وڵات رێكبكەون، ئەوا چارەنوسی وڵاتەكەیان بەرەو حاڵەتی روخانی تەواوەتی دەچێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە، چەند ساڵێك لەمەوبەر لەكاتی سەردانی بۆ شاری سلێمانی، چاوی بە ژمارەیەك خوێندكار كەوتوە و سەبارەت بە بیركردنەوە و مێژو و بیروبۆچونی نیشتمانییان، كە لەگەڵ خوێندكارانی زانكۆكانی بەغدا و بەسڕە ئاڵوگۆڕی دەكەن، پرسیاری لێكردون و وەڵامەكەیان "هیچ شتێك" بوە، هەروەك بیركردنەوەیەكی جێی نیگەرانی هەبو لە قسەكانی ئەو خوێندكارانە سەبارەت بە وڵاتەكەیان.
ستیڤن كوك نوسەر و شارەزا لە لێكۆڵینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا رونیكردوەتەوە، هاووڵاتیان لە ناوچەكانی دیكەی عیراق ناتوانن رێكبكەون لەسەرئەوەی عیراقی بون واتای چییە؟ بۆیە روبەڕوی نەهامەتی بونەتەوە، لەلایەن زۆرێك لە كوردەكانیش بەهەمانشێوە رەتدەكرێتەوە، ئەو ناكۆكییەش لەسەر ناسنامە، كرۆكی كێشەكانی عیراق و دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكەیە.
كوك پێشی وایە، ئەمریكییەكان بە هەمانشێوە لەو چارەنوسە بەدورنین، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی دابەشبونی گەورەی پێكهاتەیی و رەگەزیی و كۆمەڵایەتی و نەتوانینی ئەنجامدانی گفتوگۆ و تەنانەت ئیرادەی پێكهێنانی ناسنامەی هاوبەش، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو زوڵمەی روبەڕوی رەنگە جیاوازەكان و كۆچەران و ژنان و كەسانی تر دەبێتەوە، لەكۆتاییدا هەست بە قوڵایی دابەشبونی كۆمەڵگەی ئەمریكی-یش كرا، كە دۆناڵد ترامپ لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا ئەو دابەشبونەی قوڵتركردەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group