یه‌كگرتوو: حكومه‌ت زۆر بێباك و خه‌مسارده‌ بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه‌ ترسناكه‌

29/11/2020

نه‌وا
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، دۆخی هەرێم پەیوەست بەموچەی فەرمانبەران پێی ناوەتە دۆخێكی دژوارەوە، لەبەرامبەردا حكومەت زۆر بێباك و خەمساردە و هیچ رێگا چارەیەكی جدی ناگرێتەبەر بۆ دەرچوون لەم قەیرانە ترسناكە.
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەمڕۆ كۆبۆتەوە و بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، تاوتوێی بارودۆخی نەخوازراوی هەرێم و پرسی مووچەی فەرمانبەران دوای دەرچوونی یاسای قەرز و راگرتنی شایستە داراییەكانی پەیوەست بە موچەی فەرمانبەران كراوە كە پێی ناوەتە دۆخێكی دژوارەوە، لەبەرامبەردا حكومەت زۆر بێباك و خەمساردە و هیچ رێگا چارەیەكی جدی ناگرێتەبەر بۆ دەرچوون لەم قەیرانە ترسناكە، ئەمەش نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و شكستی سیستەمی حوكمڕانیە لەم هەرێمەدا.
یەكگرتووی ئیسلامی بەپێویستی دەزانێت هەرچی زووترە حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ رێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم و رێككەوتنی تەواو لەگەڵ حكومەتی عێراق لەپێناو دەستەبەركردنی بودجەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بە شێوەیەكی مانگانە بەبێ هیچ جۆرە لێبڕین و دواخستنێك.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەموو هەوڵ و تواناكانی بخاتە كار بۆ دەرچوون لەم قەیرانە دژوارە و لەو پێناوەدا هەموو رێوشوێن و میكانیزمێكی پێویست دەگرێتەبەر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و جەماوەر بە گشتی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group