بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینی: هەر پلە تایبەتێك فۆڕم پڕنەكاتەوە موچەكەی رادەگیردرێت

03/03/2021

نەوا-
سەباح موخلیس بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێم ئاشكرایكرد: پرۆسەی چاكسازی بەردەوامە و فۆڕمێكیان پێشكەشی هەمو پلە تایبەتەكان كردوە و پێویستە پڕی بكەنەوە، بۆ ئەوەی بزانن كێ یاساییە و كێش نایاساییە، ئەوەی پڕی نەكاتەوە موچەكەی رادەگیرێت.
سەباح موخلیس بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتوە: فۆڕمێكمان بەسەر هەمو پلە باڵاكان وەكو وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان دابەش كردوە، بۆ ئەوەی پڕی بكەنەوە و هەمو زانیارییەكمان بۆ ئاشكرا بكەن، ئەوەی یاسایی بێت پڕی دەكاتەوە و ئەوەی نایاساییش بێت ئاشكرا دەبێت.
باسی لەوەشكردوە: خەریكە فۆڕمەكە تەواو دەبێت ، تەنها ئەوانەی دەرەوەی وڵات ماون و دوای پڕكردنەوە و تەواوبونی پێداچونەوەی بۆ دەكرێت و رێكدەخرێتەوە، پاشان بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەنێردرێت و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن، ئەوەی فۆڕمەكە پڕ نەكاتەوە موچەكەی رادەگیرێت تاوەكو ئەو كاتەی پڕی دەكاتەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەشداوە: لە چاكسازیكردن لە پلە تایبەتەكان گەیشتوینەتە بەڕێوەبەرە گشتییەكان، 750 كەس دەبن و ئەوانیش 90%ی تەواو بوە، ئەوانی دیكە وەكو وەزیر و بریكار ژمارەیان كەمە و زۆر نییە، لەناو بەڕێوەبەرە گشتییەكانیش خەڵكی نایاسایی تێدایە، بەڵام تا تەواو نەبین نازانین ژمارەیان چەندە و كاتێك تەواو بوین ژمارەیان دیار دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group