نەوا
ژمارەیەك لە گەنجانی ناوچەی كۆنی مووسڵ لە بەشی راستی شارەكە بە مەبەستی پێشوازیكردن لە پاپای ڤاتیكان، پاپا فرەنسیس كە بڕیارە لە حەوتی ئەم مانگە سەردانی شارەكە بكات، شەقامەكانی ناوچەكەیان رازاندووەتەوە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی رازاندنەوەی شەقامەكانی ناوچەی كۆنی شاری مووسڵ و شاری قەرەقۆش، گەنجان وێنەی پاپایان لە شەقام و چەند شوێنێكی ناوچەكە ھەڵواسیووە، لەنێواندا بازاڕی باب جیسر، باب سەرای، هەروەها كڵێساكانی ساعە (اللاتین) و تاهیرەی گەورە لە شاری قەرەقۆش.
پاپای ڤاتیكان، پاپا فرەنسیس لە حەوتی ئەم مانگە و لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ شاری قەرەقۆش، كڵێسای تاھیرەی گەورە بەسەر دەكاتەوە.
رۆژی هەینی پاپای ڤاتیكان گەیشتە بەغدا و لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێكرا و لە سەردانە سێ رۆژیەكەیدا سەردانی نەجەف، ناسریە، هەولێر و موسڵ دەكات.