نرخی كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی چوار دیاریكرا

04/05/2021

نەوا-
نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان لە ناو شاری سلێمانی بۆ مانگی نیسان بە 38 دینار دیاریدەكرێت و خشتەی پێدانی كارەبای موەلیدە لە دوای مانگی رەمەزان گۆڕانكاری تێدا دەكرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، رۆژی سێشەممە لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەكان، لەسەر بنەمای‌ نرخی سوتەمەنی لە ‌بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی نیسان بە 38 دینار بۆ یەك كاتژمێر/ئەمپێڕ كاركردن دیاریكرد.
ئەوەشی رونكردەوە، كاركردن و تەرخانكردنی كارەبا لەلایەن موەلیدە ئەهلییەكانەوە بۆ هاوڵاتیان لەنێوان (50-70) كاتژمێرە، بەمەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبای موەلیدەی ئەهلی بۆ ئەو مانگە لە نێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500دینار دەبێت، بەهۆی جیاوازی كارپێكردنی موەلیدەكان لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە، نرخی ئەمپێرێك كارەبای موەلیدە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە جیاواز دەبێت.
راشیگەیاندووە، خشتەی كارپێكردن و دابینكردنی كارەبا لەلایەن موەلیدە ئەهلییەكانەوە بۆ مانگی پێنج ئایارتا كۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز، پێدانی كارەبای موەلیدە لەكاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ بۆ كاتژمێر 4:00ی بەرەبەیان دەبێت، لەو ماوەی دیاریكراوە هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویستە مۆلدە ئەهلییەكان لەماوەی 10 خولەكدا كاریان پێبكرێت، بەڵام لەدوای مانگی رەمەزانی پیرۆز گۆڕانكاری تێدا دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group