ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووتە63%

12/05/2021 جیهان

نەوا-
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز گەیاندوەتە 63% و ئەمەش رەنگە كاربكاتە سەر دانوستانەكانی بەگەڕ خستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی، كە لە ئێستادا گەڕی چوارەمی لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئێران لە مانگی نیسانەوە دەستی بە زیاتر پیتاندنی یۆرانیۆم كردووە و لە وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز توانیویەتی بە رێژەی 63% یۆرانیۆم بپیتێنێت.
هاوكات ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردوەتەوە، كە ئەو راپۆرتە نوێیەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر دانوستانەكانی ڤییەننا بۆ بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی.
بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ئێران دەیتوانی تەنها بە رێژەی 3.67% یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە تارانیش پابەندبوونەكانی خۆی بەو رێككەوتنە هەڵپاسارد و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزكردەوە و دوای تەقینەوەكەی ئەم دواییەی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنزیش وەك كاردانەوەیەك رایگەیاند، رێژەی پیتاندنەكە بۆ سەرووی 60% بەرزدەكەنەوە.
لەئێستادا بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی و پابەندبوونەوەی ئێران بەو رێككەوتنە گەڕی چوارەمی دانوستانەكان لە نێوان نوێنەرانی تاران و نوێنەرانی وڵاتانی چین،روسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا كە بە گروپی چوار كۆ یەك ناسراون بەڕێوەدەچێت و ئەمریكاش بە ناڕاستەوخۆ بەشدارە لەو دانوستانانەدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group