"سەرجەم زەوییە كارتەكان تاپۆ دەكرێن"

08/06/2021

نه‌وا

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە پەلە بكرێت لە پرۆسەی تاپۆكردنی زەویی كارت و جێگری پارێزگاری ھەولێریش رایده‌گه‌یه‌نێت، لە سنووری ھەولێر پرۆسەی تاپۆكردنی زەویی كارت بەردەوامە و ھەموو زەوییەكان تاپۆ دەكرێن بۆ ئه‌وه‌ی ھاووڵاتییان بتوانن بۆ دروستكردنی خانوو بەكاری بێنن.

 مەسعوود كاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر له‌ لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاندوه‌، "ساڵانی پێشوو لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ژمارەیەكی زۆر زەوی بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەشكراوە، بەڵام زەوییەكان بە شێوەی كارت دابەش كرابوون و تاپۆ نەكرابوون، ئەوەش كێشەی بۆ ھاووڵاتییان دروست كردبوو، چونكە نەیاندەتوانی ئەو زەوییانەی بە شێوەی كارتن، بەكار بێنن."
جێگری پارێزگاری ھەولێر رونیشیكردۆته‌وه‌، "تەنیا لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیكەی ١٠٠ ھەزار پارچە زەویی كارت تاپۆ كراون و بڕیارە ئەوانەیشی ماون تاپۆ بكرێن، پرۆسەی تاپۆكردنی زەویی كارتیش لە سنووری شاری ھەولێر بەردەوامە و دوای تاپۆكردنیان، مۆڵەتی دروستكردنی خانووشیان پێدەدرێت."
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، "تاپۆكردنی زەویی كارت یەكێكە لە ھەنگاوەكانی حكوومەت بۆ ئەوەی كێشەی زەوی كەمتر بكرێتەوە و ھاووڵاتییان بتوانن بۆ دروستكردنی خانوو بەكاری بێنن، فەرمانگەكانی تاپۆش بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی دیكەی حكوومەت، ڕۆژانە سەرقاڵی پرۆسەی تاپۆكردنی ئەو زەوییانەن كە ھێشتا بە شێوەی كارت ماون و بە تەواوبوونیان ھیچ زەوییەكی كارت نامێنێت و ھەموویان دەكرێنە تاپۆ."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group