وتەبێژی حکومەت باسی دابەشکردنی مووچەی داهاتوو دەکات

20/06/2021

نه‌وا
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕێی گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە دەکەن، کە بڕیارە لە بەغداوە وەک شایستەی دارایی رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، ده‌شڵێت: لیژنه‌یه‌كی دیوانی چاودێری حكومه‌تی عێراق له‌ ئێستادا وردبوونەوە لە داهاتە نا نەوتییەکان و دەروازەکانی هه‌رێم ده‌كات.

 جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی كوردستان 24 رایگەیاندوه‌، "چاوەڕێین حکومەتی عێراق 200 ملیار دینار رەوانە بکات و بۆ ئەو وردەکاریانەی هەیە بەرچاومان روونبێت، ئەوکات لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار پێویست لەوبارەوە دەدەین".
جوتیار عادل وتیشی: ئێمە وەک حکومەت لەگەڵ ئەوەداین مووچە بە تەواوی بدرێت، هەوڵی جدیمان داوە کە مووچە 100٪ دابەش بكرێت، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، حکومەتی عێراق بڕیارداوە مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، ئێمەش چاوەڕێین بڕیارەکە جێبەجێ بکەن".
وتەبێژی حکومەت، جەختیکردەوە: "ناتوانین لە ئێستاوە بڕیار بدەین ئەم مانگە چۆن مووچە دابەش دەکرێت، تا وردەکاریی و پێشهاتە داراییەکان تاوتوێ دەکرێن، دوای کۆبوونەوەی لەبارەوە دەکرێت بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت".
ئاماژەی به‌وه‌شكرد، "دوای ناردنی بڕە پارەکە لە بەغداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەپێی داهاتی بەردەست پارە بۆ مووچە دابین دەکرێت، حکومەت کۆمەڵێک ئیلتیزاماتی لەسەر شانە و تەنها مووچە نییە، بەڵام ئومێد دەکەین بە لە ماوەیەکی نزیکدا گرفتی مووچە چارەسەر بکرێت".
باسی لەوەشکرد: "لە 6/6/2021 سێیەمین نووسراوی ئاراستەی چاودێری حکومەتی عێراق کرد، ئەوان لیژنەیەکیان ناردە هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر دەستبەکاربوو بۆ وردبوونەوە لە داهاتە نا نەوتییەکان و دەروازەکان، چەند تیمێکی هاوبەش لە دیوانی چاودێری هەردوولا پێکهێنرا، تائێستا بەردەوامن لە کارەکانیان، ئەو داهاتە نانەوتیانە لە هەرێمی کوردستان بەدەستدێ لەبەردەستی تیمی هاوبەشە و چاودێری دارایی هەردوولا دایە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group