حزبێكی تری عێراقی پاشەكشەی لە هەڵبژاردن كرد

28/07/2021 عێراق

نەوا-
بەرەی گفتوگۆی نیشتمانی كە لەلایەن ساڵح موتڵەگەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، پاشەكشەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو كرد و جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە ناتواندرێت هەڵبژاردنێكی پاك ئەنجام بدرێت.
بەرەی گفتوگۆی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، بەپێی بڕواكان هەڵبژاردنی ساڵی 2018 خراپترین هەڵبژاردن بووە و كەمترین رێژەی بەشداری كردنی هەبووە و بەرزترین ئاستی ساختەكاری تێدا بووە، بۆیە دەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەل ناكات، ئەوەش بووە هۆی داڕمانی سیاسی و شكستی بنیادنانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت.
ئەوەش هاتووە، گەلی عێراق هەست بە راستییەك دەكەن سەبارەت بەو بارودۆخە خراپەی وڵاتی تێكەوتووە بەشێوەیەك كەشێكی ئەمنی نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و چەك بەربڵاوە و سەرجەم هۆكارەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكی ئاشكرا روونادات، بەهۆی ئەو بۆچونەشەوە بەرەكە بڕیار دەدات بەشداری هەڵبژاردن نەكات و هیچ پاڵێوراوێك لە هیچ بازنەیەكی هەڵبژاردن پێشكەش نەكات.
بەرەی گفتوگۆی نیشتمانی لە بەیاننامەكەیدا جەختی لەوەش كردووەتەوە، دووبارە جەخت لە هەڵوێستی پێشوومان دەكەینەوە بەوەی كە ناتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك ئەنجام بدرێت ئەگەر هۆكارەكانی ساختەكاری كۆتاییان پێ نەهێندرێت، كە بریتیین لە چەك و پارەی سیاسی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group