كۆمسیۆن: 14 ملیۆن كارتی بایۆمەتری دابەش كراوە

15/09/2021 عێراق

نەوا-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كرد، لە كۆی 17 ملیۆن كارتی چاپكراو تاوەكو ئێستا 14 ملیۆن كارتی بایۆمەتری دەنگدان دابەش كراوە، بەپێی پێشبینیەكانیش پێشوازیەكی باش لە هەڵبژاردن دەكرێت و 50% بۆ 60%ی هاوڵاتیان بەشدار دەبن.
نبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە، لە ئێستادا كۆمسیۆن لە ئامادەكاریەكانی قۆناغی دەنگداندایە و راهێنان بە كارمەندەكان دەكرێت، لە كۆتایی ئەم مانگەشدا تاقیكردنەوە سێیەم لەسەر پرۆسەی دەنگدان دەكرێت، هەروەها فەرمانبەرانی داخڵ كردنی داتاكان دیاری دەكرێن و لە نێو 5 هەزار فەرمانبەردا 900 فەرمانبەر جیا دەكرێنەوە.
باسی لەوەش كردووە، لە كۆی 17 ملیۆن كارتی دەنگدان تائێستا 14 ملیۆن دابەش كراوە هەروەها 4 ملیۆن و 670 كارتیش پوچەڵ كراونەتەوە، بە هاوكاری لەگەڵ شارەزانیەكان سەرجەم ئەو سەرپێچیانەی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكرێن لادەبرێن، بەپێی پێشبینیەكانیش رێژەی بەشداری كردن 50% بۆ 60% دەبێت.
سەبارەت بە پێویستیەكانی رۆژی دەنگدان وتەبێژی كۆمسیۆن وتویەتی، پێویستە دەنگدەر كارتی بایۆمەتری و ناسنامەی باری شارستانی لەگەڵ خۆیدا ببات، پێویستە پەنجەمۆری دەنگدەر و ئەو پەنجە مۆرەی لەسەر ناسنامەكە هەیە هاوتابن، بە پێچەوانەوە رێگە نادرێت دەنگ بدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group