حەیدەر عەبادی پاڵێوراوی سەرەكی پۆستی سەرۆك وەزیرانە

21/06/2022

نەوا
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرای كرد، لە كۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی حەیدەر عەبادی، 9 ناو پێشنیار كراون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق و حەیدەر عەبادی و ئەسعەد عیدانی پاڵێوراوی سەرەكین.
سەرچاوەكە بە میدیا عیراقییەكانی وتووە، لە كۆبوونەوەی شەوی رابردووی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لە ماڵی حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئیئتلافی نەسر ئەنجامدرا، 9 ناو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشنیار كراون، هەروەها 2 لەو ناوانە ركابەری سەرەكین.
بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە، عەبادی كە لە ساڵی 2014 پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەبووە، یەكێكە لە پاڵێوراوە سەرەكییەكان، هەروەها ئەسعەد عیدانی پارێزگاری ئێستای بەسرە پاڵێوراوەكەی تریانە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەی بەردەوام ئەنجام دەدات بۆ دیاری كردنی پاڵێوراوی سەرۆك وەزیران و هەڵبژاردنی ناوخۆ بۆ یەكلاكردنەوەی یەكێكە لەو دوو كەسایەتییە، حزبی دەعوەش پشتگیری عەبادی دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group