پیاوێكی عیراقی و كوڕەكەی بەهۆی هەوڵی فرۆشتنی گورچیلەی كچێكیان دەستگیر كران

06/08/2022 عێراق

نەوا-
پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەغدا ئاشكرای كرد، پیاوێك و كوڕەكەی دەستگیر كراون كە بەرامبەر بڕی 8 ملیۆن دینار هەوڵی ئەوەیان داوە گورچیلەی كچێكی خۆیان لە پارێزگای دهۆك بفرۆشن.
پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەغدا لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی زانیاریان بەدەست گەیشت كە پیاوێك و كوڕەكەی هەوڵی فرۆشتنی گورچیلەی كچێكیان دەدەن بەرامبەر بڕێك پارە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دروست كراوە.
ئەوەش هاتووە، دەركەوتووە ئەو دوو تۆمەتبارە ویستوویانە گورچیلەی كچەكەیان بە كەسێك لە پارێزگای دهۆك بەرامبەر 8 ملیۆن دینار بفرۆشن، دوای هەوڵێكی زۆر و كۆكردنەوەی زانیاری هەردوو تۆمەتبار دەستگیر كراون.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباراندا كراوە و دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەكەشیان رادەستی لایەنی دادوەریی كراوە بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group