ئەحمەد حاجی رەشید هۆكارێكی بەرزبونەوەی زیاتری نرخی دۆلار ئاشكرا دەكات

پێش 3 هەفتە عێراق

نەوا -
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پێشوی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق و شارەزای ئابوریی دەڵێت، بەهۆی جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكەی حكومەتی عیراق و بانكی ناوەندی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار، هاوڵاتیان و بازرگانان متمانەیان نەماوە و ئەوەش بەهای دۆلاری بەرزتر كردووەتەوە.
ئەحمەد حاجی رەشید رایگەیاندووە، هۆكاری ئاڵۆزی زیاتر و دانەبەزینی نرخی دۆلار  لەئەستۆی حكومەتی فیدراڵ و بانكی ناوەندییە، ئەوەش بەهۆی ئەو بەڵێنەی دایان بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراق.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، حكومەت و بانكی ناوەندی نەیانتوانی بەڵێنەكەیان جێبەجێ بكەن، بەهۆی ئەوەشەوە هاوڵاتیان و بازرگانان متمانەیان نەماوە، ئەوەش نرخی دۆلاری زیاتر بەرز كردووەتەوە.
ئەو شارەزا ئابورییە پێشی وایە، گۆڕینی ئاڕاستەش لە كاركردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكا و روكردنە كۆمپانیای وڵاتانی دیكە، دۆخەكە ئاڵۆز تر دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group