پۆلیسی سلێمانی دەستگیر كردنی گروپێكی تاوانكاری راگەیاند

12/03/2023

نەوا - 
پۆلیسی سلێمانی دەستگیر كردنی گروپێكی تاوانكاری راگەیاند، كە لە 4 ژن و 2 پیاو پێكهاتبوون عەرەبیان تێدا بووە و ژنێكی سەربە گروپەكەیان كوشتووە، پیاوەكانیش هەڵاتبوون بۆ كەركوك و بەغدا.
عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، دوای ئەوەی لە 13ی مانگی یەكی ئەمساڵ تەرمێك بەبێ‌ ناسنامە دۆزرایەوە كە لە دەرەوەی شار فڕێدرابوو، لێكۆڵینەوەكان لەو بارەیەوە دەستیان پێكرد.
ئاماژەی بەوەشدا، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە لەلایەن گروپێكەوە كوژراوە كە لە 6 كەس پێكهاتوون و 4یان ژنن و دوانیان پیاو، ژنەكان دەستگیر كران و پیاوەكانیش هەڵاتبوون بۆ كەركوك و بەغدا، لە رێگەی مۆبایلی ژنەكانەوە هەوڵدرا ئەوانیش بهێنرێنرێنەوە سلێمانی و دەستگیر بكرێن، بەڵام گومانیان هەبوو و نەگەڕانەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكردووە، دوای پەیوەندییان بە پۆلیسی كەركوك و بەغدا كردووە و 4 ئەفسەر نێردراونەتە كەركوك و دواتر بەغدا و لە رێگەی دانانی پلانەوە ئەوانیش دەستگیر كراون، تاوەكو ئەم ساتەش كەس نەهاتووە سۆراخی كەسە كوژراوەكە بكات، بەڵام تۆمەتباران دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و لای پۆلیسی سلێمانین.
سەبارەت بە گروپەكەش وتی، كورد و عەرەبی تێدایە و خەڵكی شارەكانی سلێمانی و بەغدا و كەركوكن و كوژراوەكەش ئافرەتە و سەربە گروپەكە خۆیان بووە و عەرەبە، ئەو گروپە پێشینەی تاوانی تریشیان هەیە و دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group