نەوا -
محەممەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند، شەڕ دژی گەندەڵی دەكەن و نەرمی بەرامبەر هیچ لایەنێك پیشان نادەن و ئەم حكومەتە بەرنامەیەكی گشتیری داناوە بۆ هەستانەوەی عیراق.
سودانی وتارێكی لە پێنجەمین كۆنگرەی دیالۆگی بەغدا پێشكەشكردو وتی، لەدوای داعش روبەڕوی كێشەیەك بوونەوە ئەویش كێشەی گەندەڵییە، كە پارەیەكی زۆری عیراق بەهەدەر دراوە و براوەتە دەرەوە، ساختەكاری كراوە و دامەزراوەكان نەیانتوانیوە چاكسازی بكەن، شەڕی گەورەیان دژی گەندەڵیە و ئەگەر ئەو شەڕە بدۆڕێنن لە سەرجەم شەڕەكانی دیكەشدا شكست دەهێنن.
وتیشی، گەورەترین ئاڵنگاری گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیانە كە پاشەكشەی كردووە بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنی كاروبارەكان و زۆری بەڵێن و كەمی كردارەوە دروست بووە، ئەم حكومەتە بەرنامەیەكی گشتیری داناوە بۆ هەستانەوەی عێراق، بەردەوامیش دەبن.
سەرۆك وەزیرانی عیراق باسی لەوەشكردووە، گرنگترین بابەت ئەوەیە ئارامی سیاسی هەیە لە عیراق، دوورن لە ململانێی سیاسی كە ببێتە هۆی پەكخستنی پرۆسەی سیاسی و متمانەیان هەیە بەسەرچاوەكانی ئابوری و دەستبەر كردنی هەلی كار و روبەڕونەوەی گەندەڵی، دەشڵێت خۆی چاودێری پرۆژەكان دەكات و هیچ هەڵە و كەموكورتییەك قەبوڵ ناكەن، رێگە بەكەسیش نادەن پارەی وڵات بۆ خۆی و حزبەی بەكار بهێنێت.