رۆژنامەیەكی ئەمریكی: سوپای ئەمریكا شوانێكی كوشتووە و دەڵێت سەركردەی قاعیدەی كوشتووە

20/05/2023 جیهان

نەوا -
رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، بەرپرسانی ئەمریكی وتویانە كە لە كۆتا گورزی ئاسمانی لە سوریا بەرپرسێكی دیاری قاعیدەیان كوشتووە، بەڵام لە راستیدا شوانێكی موسوڵمان بووە و تەنانەت مۆبایلیشی نەبووە.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاویكردووەتەوە، لە رۆژی 3ی ئەم مانگەدا "لوتفی حەسەن مستۆ"ی تەمەن 56 ساڵ لەلایەن موشەكێكی جۆری "هێڵفایەر" كرایە ئامانج، ناوبراو پێشتر كرێكاری تەلارسازی بووە و لەشارۆچكەكەی خۆی لە باكوری خۆرئاوی سوریا بە هێمنی ژیاوە، دەوروبەرەكەی بەوە پێناسەی دەكەن كە پیاوێكی زۆر باش بووە و هەوڵی زۆریداوە لە ژیانیدا  و هەموو ژیانیشی هەژار بووە، تەنانەت مۆبایلیشی نەبووە.
ئەوەش هاتووە، لوتفی خاوەنی 10 منداڵ بووە و كاری شوانی كردووە، بەرپرسانی ئەمریكا ئەوەیان بڵاوكردووەتەوە كە بۆردومانەكەیان بەرپرسێكی دیاری رێكخراوی قاعیدەی كردووەتە ئامانج، بەڵام هەندێك بەرپرسی وەزارەتی بەرگری گومانیان لەو زانیاریانە هەبووە و پێیان وایە كە ئەو كەسەی ئامانجیان بووە نەیانپێكاوە.
رۆژنامەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەرچەند خێزانەكەی و دەوروبەرەكەی رەتیدەكەنەوە لوتفی هیچ پەیوەندییەكی بە هیچ رێكخراوێكەوە هەبێت، بەرپرسانی ئەمریكی دەڵێن ئەگەر سەركردەی قاعیدەش نەبووبێت هەر ئەندامی قاعیدە بووە.
ئەو رۆژنامە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، پێشتریش و چەندین جاری تریش هاوڵاتیانی مەدەنی كراونەتە ئامانج، ئیدارەی ئەمریكاش بەڵێنی ئەوەی داوە ئەو روداوانە كەمبكرێنەوە و شەفافیەتی تەواو هەبێت، بۆ نمونە لە ساڵی 2021دا سوپای ئەمریكا رایگەیاند لە بۆردومانێكدا لە ئەفغانستان خۆكوژێكیان كوشتووە، بەڵام لەراستیدا 10 هاوڵاتی مەدەنی كە 7 یان منداڵ بوون كوژران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group