عیراق لەسەر پێشبینی زانا هۆڵەندییەكە هاتە دەنگ

12/09/2023 عێراق
نەوا - 
دەستەی گشتی كەشوهەوا و بومەلەرزەزانی عیراق، پێشبینییەكانی فرانك هۆگربیتس پێشبینیكاری هۆڵەندی رەتدەكاتەوە كە هۆشداری دابوو لە بومەلەرزەیەكی وێرانكەر لە عیراق.
عامر جابری بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەكە ئاماژەی بەوەداوە، ئەوەی ئەو پێشبینیكارە هۆڵەندییە باسی كردووە رەتدەكەنەوە، بابەتی پێشبینی بومەلەرزە ناواقیعییە و ناتوانرێت بزانرێت كەی روودەدات.
ئاماژەی بەوەشداوە، دەستەی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی بەدواداچوون بۆ راپۆرتی هەندێك ناوچە دەكات كە لەسەر سنورەكانی عیراق – ئێرانن و دەكەونە ناو هێڵی بومەلەرزەوە، وەك خانەقین و كەلار و عەمارە، ئەو ناوچانە زوو زوو روبەڕووی پاشلەرزە دەبنەوە كە بەهۆی روودانی بومەلەرزە لە ئێرانەوە دروست دەبن.
لەماوەی رابردودا چەند بومەلەرزەیەكی بەهێز لە جیهاندا رویدا، لەوانەش توركیا و سوریا كە هەزاران كەس بوونە قوربانی، لەچەند رۆژی رابردوشدا بەهۆی بومەلەرزە وێرانكەرەكەی مەغریبەوە نزیكەی 3 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا، دواتریش فرانك هۆگربیتس پێشبینیكاری هۆڵەندی پێشبینی ئەوەی كرد لە عیراق بومەلەرزەیەكی وێرانكەر رووبدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group