نەوا-
سندوقی گەڕاندنەوەی پارەكانی عیراق ئاشكرایكرد، نزیكەی حەوت ملیار دیناریان گەڕاندۆتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، هەروەها زیاتر لە 300 دۆنم زەوی كشتوكاڵی و 3 خانویان لەمساڵدا گەڕاندۆتەوە بۆ دەوڵەت.
ئەیمەن داود سەلمان جێگری سەرۆكی بەڕێوەبردنی سندوقەكە رایگەیاندوە، لەمساڵدا توانیویانە بودجەی پاسەوانی كۆماری رژێمی پێشو ئاشكرا بكات كە گەیشتۆتە 4 ملیارو 386 ملیۆن و 303 هەزارو 138 دینار كە بەرامبەرە بە 1 ملیارو 918 ملیۆن و 486 دۆلاری ئەمریكی.
راشیگەیاندوە، بەپێی یاسای دەستبەسەرداگرتنی ماڵی گوازراوەو نەگوازراوە كە دەگەڕێتەوە بۆ سوپاسالاری رژێمی پێشو چەند زەویەكی كشتوكاڵی ئاشكرا بون كە بەناوی سەرانی رژێمی پێشوەوە تۆمار كراون، هەروەها زەویەكی كشتوكاڵی ئاشكرا بوە كە روبەڕەكەی 300 دۆنم زەویە تۆمار كراوە بەناوی عەلی حەسەن مەجیدو براكانی لە پارێزگای كەركوك و حەویجەو ناحیەی مولتەقا جارێكی تر ئەم زەویانە كرانەوە بەناوی وەزارەتی دارایی عیراقەوە.
سەلمان باسی لەوەشكردوە، پرۆسەیەكی بەناوكردنی سێ خانو بە ناوچەی مەنسور ئاشكرا بوە كە كراوە بەناوی بەناوی سوپاسالاری پێشوی عیراقەوە كە حسێن رەشید تكریتی بوە بە ساختە بە روبەری 2210 مەتر دوجا، ئەویش گەڕاندمانەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئەوانەشی تۆمەتبارن بەو ساختە كردنە رەوانەی دەستەی نەزاهە دەكرێن، هەروەها پێنج دۆنم زەوی بەناوی عەبدولفەتاح محەمەد ئەمین كە ئەندامی فەرماندەیی هەرێمیی پێشو بوە گەڕێنراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.