داوای راگرتنی شێواندنی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی نوگرە سەلمان دەكرێت

07/09/2024

نەوا-
ژمارەیەك رێكخراو و چالاكوانانی بواری جینۆساید تایبەت بە كاركردن لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان راگەیەنراوێك بڵاودەكەنەوەو داوای راگرتنی شێواندنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەكەن
بەگوێرەی راگەیەنراوێك كە بۆ رادیۆی نەوا نێردراوە ژمارەیەك رێكخراو و چالاكوانانی بواری جینۆساید رایانگەیاندوە، بەپێی بەدواداچونیان لەماوەی چەند رۆژی رابردودا تیمێكی وەزارەتی بەرگری عیراق بۆ گەڕان و پشكنین بۆ دۆزینەوەی ونبوانی وڵاتی كوەیت، بەبەكارهێنانی ئامێری قورس شۆفڵ و حەفارە بەشێوەی دور لە زانستی هەڵدانەوەی گۆڕی بەكۆمەڵ كار لەنزیك جێگای گۆڕە بەكۆمەڵەكانی پارێزگای  موسەننا تەل شێخییە لە سنوری نوگرەسەلمان دەكەن.
راشیانگەیاندوە، بەگوێرەی زانیارییەكانیان ئەو شوێنە لە چەندین جێگە بە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی لێیەو تائێستا چەندین گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانیانی كوردی لێ هەڵدراوەتەوە،  لەوانەش ئەو گۆڕەی روفاتی 172 ئەنفالكراوی تێدا بو كە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵی پێچو  تاكو گەڕێنرانەوە بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوان لە چەمچەماڵ.
ئەو ژمارە رێكخراو و چالاكوانانە ئاشكرایان كردوە كە بە گوێرەی چەند وێنەیەك كە بڵاوكراونەتەوە، بەشێوەیەكی زۆر خراپ و نادروست و دور لە بەها مرۆییەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو  گۆڕە دەكەن بەجۆرێك كەللـە سەری مرۆڤ لەبن كێلی حەفارە بەشكاوی بەدیار دەكەوێت، ئەمانە روفاتی هەر كەسێك بن وێنایەكی قێزەونەو مامەڵەی نا بەرپرسانەیە لەگەڵ روفاتی قوربانیان، پێویستە مامەڵەیەكی شكۆمەندانە لەگەڵ روفاتەكانیان بكرێت، بۆیە داوادەكەن كاركردن لەو گۆڕە بەكۆمەڵانەدا رابگیرێت. 
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەیە: -

بەیاننامەی رێكخراو و چالاكوانانی بواری جینۆساید تایبەت بە كاركردن لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان
بەپێی بەدواداچوونمان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، تیمێكی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ گەڕان و پشكنین بۆ دۆزینەوەی ونبووانی وڵاتی كوەیت، بە بەكارهێنانی ئامێری قورس شۆفەل و حەفارە بە شێوەی دوور لە زانستی هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ كار لە نزیك جێگای گۆڕە بەكۆمەڵەكانی پارێزگای  موسەننا (المثنی) تەل شێخیە لە سنووری نوگرەسەلمان دەكەن، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو شوێنە لە چەندین جێگە(موقع) بە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی لێیە و تاكو ئێستا  چەندین گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانیانی كوردی لێ هەڵدراوەتەوە.  لەوانەش ئەو گۆڕەی ڕووفاتی 172 ئەنفالكراوی تێدا بوو، كە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵی پێچوو  تاكو گەڕێنرانەوە بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوان لە چەمچەماڵ.
بە گوێرەی ئەو چەند وێنەیەی بڵاوكراوەتەوە، بەشێوەیەكی زۆر خراپ و نادروست و دوور لە بەها مرۆییەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو  گۆڕە دەكەن، بەجۆرێك كەلە سەری مرۆڤ لەبن كێلەی حەفارە بە شكاوی بەدیار دەكەوێت، ئەمانە رووفاتی هەر كەسێك بن، وێنایەكی قێزەونە و مامەڵەی نا بەرپرسانەیە لەگەڵ ڕووفاتی قوربانیانی دەست ڕژێمە فاشیستەكەی بەعس. پێویستە مامەڵەیەكی بە كەرامەتەوە لەگەڵ ڕووفاتەكانیان بكرێت. بۆیە ئێمە وەكو رێكخراوەكان و  نووسەران و چالاكوانانی بواری جینوساید و كەسوكاری ئەنفالكراوان لە كوردستان داواكارین لە:
یەكەم/ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران  هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی ئەو گۆرٍە بەكۆمەڵانە و گۆڕەكانی تریش كە شوێنەكانیان دیاری كراوە، بەتایبەتی ئەوانەی تەل شێخیە لە نوگرەسەلمان تا ئەو كاتەی هەڵدەدرێنەوە و ڕووفاتی ئازیزیان دەگەرێندرێتەوە كوردستان. پشتیوانی دەزگای شەهیدان و تیمی نیشتمانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكات بۆ خێرا كردنی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان.
دووەم / لە وەزارەتی بەرگری عێراق كارەكانی لەو شێوەیەی كە گوایە بۆ هەڵكەندنی چاڵێك بۆ  تەقاندنەوەی چەك و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕ بووە لە سنووری تەل شێخییە ڕابگرێت، پرسی گەڕان و پشكنین بە لایەنی پەیوەندیدار بسپێرێت كە فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراقە، كە تایبەتمەندە بەم پرسە. لە كاتی كاركردن بۆ گەڕان بەدوای ونبووانی جەنگی كوەیت  یان جەنگی ( عێراق ـ كویت) كە لە ڕێگای لیژنەی سێقۆڵی دەكرێت، ئەگەر ڕووفاتی هەر  جینۆسایدكراو یان ئەنفالكراوێكیان بەرچاو كەوت، بە پەلە لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار بكەنەوە.
سێیەم/ لە دەزگای شەهیدانی عێراقی فیدرال، كار بكات بۆ خیراتر كردنی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی تری تەل شێخیە، و تیمەكانی فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بخاتەگەر بۆئەوەی بەزوترین كات ئەو گۆڕانە هەڵبدرێنەوە. دەزگای شەهیدان داوا لە وەزارەتی بەرگری عێراق بكات پرسی گەڕان و پشكنین بەبێ تیمی تایبەتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ئەنجام نەدات.
چوارەم/   وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەزووترین كات بێتە سەر خەت و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوون و رێكاری پێویست بگرێتەبەر و ڕێگری لە هەموو هەوڵ و كارێكی نایاسایی و نائاسایی دوور لە بەهای مرۆڤایەتی لە چۆنیەتی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بكات و ئەو كارە ڕابگرێت كە ئێستا دەكرێت، ناڕەزایی خۆی بۆ ئەم پرسە دەرببرێت.
هەروەها پەیوەندییەكانی وەزارەت لەگەڵ فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراق كە لە ئێستادا سستی بەخۆیەوە دەبینێت، كارا بكاتەوە بۆئەوەی ئەندامانی وەزارەتەكە ڕۆڵیان هەبێت لەگەڵ تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەكۆمەڵەكان  و ICMP  سەنتەری نێودەوڵەتی بێسەروشوێنكراوان.
پێویست و زەرورە ئەندامییەتی وەزارەت لە لێژنەی سێقوڵی گەڕان و پشكنین بۆ ونبووانی (جەنگی عێراق ـ ئیران و جەنگی كوەیت) كە لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی سەرپەرشیتی دەكات و هەر سێ وڵات لە ڕێگای وەزارەتی تایبەتمەند ئەندامەتییان هەیە كارا بكاتەوە و لە تاكو لە نزیكەوە ئاگاداری چاودێری گەڕان و پشكنین بێت.
پێنجەم / هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، قوربانییەكان لە هەر نەتەوە و ئاینێك بن. پێویستە بەشێوەیەك بێت كەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت و لەگەڵ پرنسیپە نێودەوڵەتییەكاندا هاوتا بێت و بە بەشداری كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و پسپۆڕانی بیانی بەڕێوە بچێت, بەم شێوەیەی  ئێستا تەواو ڕەتكراوەیە.
شەشەم/هەموو گۆڕە بە كۆمەڵەكان، بەتایبەتیش ئەو گۆڕانەی بەپێی ڕاپۆرتی بەشی گۆڕی بەكۆمەڵی CPA ئەمریكی و  RCLO  دیاریكراون كە لە 100 جێگە لە 301 گۆڕی بە كۆمەڵ كە پێشتر نیشانە و هێمایان لە سەر نەخشە بۆ دیاری كرابوو، بە مانگی دەستكرد وێنەی گیراوە، بەڵام عێراق باس لە داتای جۆراجۆر دەكات بۆیە پێویستە ڕووپێوێكی سەرتاسەری لە عێراق بكرێت بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانكردنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، بەتایبەت  ئەو ناوچانەی كە گومانی هەبوونی گۆڕی بەكۆمەڵیان لێدەكرێت. یان لەم بارەوە گومان نەهێڵێتەوە.
حەوتەم/ لە پرۆسەی وەرگرتنی سامپڵی خوێن بۆ كەسوكاری قوربانیانی هەموو كەیسەكانی جینۆسایدی فەیلی و بارزانی و هەڵەبجە و ئەنفال و ئێزیدی، پەلە بكرێت. هەروەها هەموو ئەو ڕووفاتانەی كە تا ئێستا هێنراونەتەوە و بڕیار بووە پشكنینی DNA یان بۆ  بكرێت.  بەتایبەتی بە زووترین كات ئەنجامی پشكنینی ڕووفاتی ١٧٢ ئەنفالكراواكەی چەمچەماڵ ئاشكرا بكرێت، لەگەڵ سامپڵی خوێنی كەسوكاریان بەراورد بكرێت تاوەكو ئەو متمانەیە دروست بێت، كە كارەكانیان ڕاست و دروست و زانستین و لە داهاتووش بە بێ وەرگرتنی سامپڵ لە هەر ڕووفاتێك و دڵنیا نەبوونەوەی لە ناسینەوەی لەلایەن كەسوكاریان ڕادەستی هیچ لایەنێك نەكرێت و پێویستە لێژنەی تایبەتمەند دابنرێت و نوێنەری كەسوكاری قوربانیانی جینۆسایدی تێدا بێ و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار سەرپەرشتی و چاودێری وەرگرتن و هێنانەوە و ناشتنیان بكات.
هەشتەم / پێویستە یاسای كاروبار و پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ژمارە  5ی ساڵی 2006 هەموار كراوی ژمارە 13 ساڵی 2015 جارێكیتر هەموار بكرێتەوە ومافی گەلی كوردستان تیدا پارێزراو بێت كە خاوەنی زۆرترین قوربانی ناو گۆرەبەكۆمەڵەكانە لە عێراق.

ناوەكان:
1-رێكخراوی داكۆكی لە مافی قوربانیانی كۆرەبەكۆمەڵەكان
 2-فوئاد عوسمان / رۆژنامەنووس و چالاكوان
3- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
4- تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
5-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ  قوربانیان و جینۆسایدكراوان
6- محەمەد زرنگ  چالاكوانی بواری جینۆساید
7-هەڵمەتی دادپەروەری
8-جەبار ئەحمەد توێژەر لە بواری جینۆساید
9- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
10-رۆژنامەی نگرەسەلمان
11- گۆڤاری تۆبزاوە
12-هێمن حەسیب نووسەر و  چالاكوانی بواری جینۆساید
13-عەلی بەندی چالاكوان و نووسەری بواری جینۆساید
14-  پاریزەر ئەیاد ئیسماعیل كاكەیی  پاریزەر له دۆسیەی ئەنفال و دۆسیەی بارزانیان  لە دادگای باڵای تاوانی عێراق
15-تۆڕی ئایكان كوردستان
16-سەلاح كەركوكی چالاكوانی جینۆساید- سوئید
17-عەباس هەمزه خدر، دادوەری پێشوو لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق 

18-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
19-عەدالەت عومەر توێژەر لە بواری جینۆساید
20-هەدار زوبێر بارزانی پارێزەری كەیسی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەكان و پەرلەمانتاری خولی چوارەمی عێراقی
21-نازدار  ئەسعەد محمود چالاكوانی بواری ئەنفال
22-مەلا شاخی  نووسەر لە بواری جینۆساید
23-رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
24-محەمەد حەمە ساڵەح  وەرگێڕ و  توێژەری بواری جینۆساید
25-عادیل مەلا ساڵەح بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەتی شەهیدان
26-هەڵمەتی ژیان نا بۆ ئیعدام لە كوردستان
27- گەردە مامە حەمە  چالاكوان و بنەماڵەی قوربانی
28-حازم بلەیی نووسەر و چالاكوانی جینۆساید
29-زەمان عەبدە  نووسەرو چالاكوانی بواری ئەنفال
30- رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان
31- دلێر كەریم نووسەر و چالاكوان لە بواری ئەنفال
32-ئیبراهیم هەورامانی  نووسەر و  رۆژنامەنووس
33- لەتیف فاتیح فەرەج  لێكۆڵەر لە بواری جینۆساید
34-ڕۆژان شەهید حەمەڕەش- ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
35-هاوڕێ ئەحمەد مەجید چالاكوانی بواری جینۆساید, كەسوكاری ئەنفال
36-رێكخراوی چاودێری كوردۆساید-كوردستان
37- د. شۆڕش حاجی - لێكۆڵەر لە بواری ئەنفال و جێنۆساید
38- ئەنوەر عومەر سەعید  یاسایی و شارەزا لە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان
39- قاسم كازم چالاكوانی بواری جینۆساید  و كەسوكاری جینۆسایدكراوان
40- سەوسەن محەممەد میرخان، كەسوكاری ئەنفال و سەرۆكی لێژنەی كاروباری شەهیدان، جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی كوردستان خولی پێنجەم
41- شوان جەلال، كەسوكاری ئەنفال و ڕۆژنامەنووس
42- تاڤگە حمەصالح احمد بەڕێوبەری كاروباری شەهیدان وئەنفالكراوانی كۆیە و ئەندامی ڕێكخراوی كۆژان بۆ پرسی ئەنفال
43- دیاكۆ مورادی -ڕۆژنامەوان و چالاكی مافی مرۆڤ - نۆروێژ
44- ڕێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
45- كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال
46- هاوڕێ پێشڕەو پێشمەرگەی دێرین و كەسوكاری ئەنفال
47-عەلی مەحمود محەمەد  چالاكوان لە بواری جینۆساید

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group