نەوا-
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لەسوریا بڵاویكردەوە، ئەمریكاو هاوبەشەكانی لەسوریا دژ بە پاشماوەكانی داعش لەمانگی تەمموزی رابردوەوە 80 ئۆپراسیۆنی جیاجیایان ئەنجامداوەو 119 تیرۆریست دەستگیر كراون و 14ی تریش كوژراون.
راشیگەیاندوە، لەئۆپراسیۆنەكانی مانگی رابردودا زیاتر لە 15 كۆگای چەك و تەقەمەنی تیرۆریستان لەناوبراون و لەو چوارچێوەیەدا نزیك بە 130 گوللـە تۆپ، هاوەن، ژمارەیەك چەك، بۆمب و مادەی تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیراوەو لەناو براوە.
سێنتكۆم ئاشكراشیكردوە، لە ئۆپراسیۆنێكدا كە لەمانگی ئەیلول ئەنجامیانداوە، ئەندامێكی پلە باڵای داعشیان كوشتوە كە سەرقاڵی ئامادەكاریی بوە بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا.