وەزارەتی ناوخۆی عێراق: هەر چێشتخانەیەك رێنماییەكانی رەمەزان پێشێل بكات دادەخرێت

3 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، تیمەكانیان دەستیان بە هەڵمەتێكی فراوان كردووە بۆ چاودێریكردنی چێشتخانەكان و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە رێنماییەكانی مانگی رەمەزان.
عەقید عەباس بەهادلی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، وەزارەت دەستی بە گەڕانی مەیدانیی چڕ كردووە بۆ چاودێریكردنی هەموو چێشتخانە، كافتریا و ئەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوە پێشكێش دەكەن، ئەمەش لەچوارچێوەی رێكخستنی كارەكان لە مانگی رەمەزاندا.
 ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو چێشتخانەكان پابەندكراون كە بە رۆژدا دابخرێن، تەنیا ئەو شوێنانە نەبێت كە رێگەیان پێدراوە و مۆڵەتی فەرمییان هەیە بەو مەرجەی رێز لە پیرۆزیی مانگەكە بگرن. 
 وتەبێژەی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشكرد، هەندێك شوێن رێگەیان پێدراوە بكرێنەوە، وەك ئەو چێشتخانانەی تایبەتن بە گەشتیاران یان ئەو كەسانەی بە گوێرەی شەرع دەتوانن بەڕۆژوو نەبن، بەڵام بەو مەرجەی بەشێوەیەك بێت رێز لە تایبەتمەندی و پیرۆزیی ئەم مانگە بگرێ.
 سەبارەت بە سزای ئەو كەسانەی پابەندی رێنوێنییەكان نابن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق وتی: رێكاری یاسایی بەرامبەر هەر كەسێك دەگیرێتەبەر كە یاسا و رێنماییەكان پێشێل بكات، ئەو چێشتخانانەی سەرپێچی دەكەن دەستبەجێ دادەخرێن و خاوەنەكانیان بە پێبژاردن سزا دەدرێن، ئەگەر سەرپێچییەكەش دووبارە ببێتەوە، خاوەنەكەی دەدرێتە دادگە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group