سیستەمی ئەسیكودا ئامانجی دەستەبەركردنی دادپەروەرییە لە كێبڕكێی بازرگانیدا
5 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، سیستەمی ئەسیكودا سیستەمێكی ئۆتۆماتیكی ئەلیكترۆنی جیهانییە كە لەلایەن كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان دەرچوە، لە ئێستادا لە 102 وڵاتی جیهاندا جێبەجێدەكرێت.
ڕونیشیكردەوە، سیستەمەكە داهێنانێكی ناوخۆیی نییە بەڵكو پابەندبونێكی نێودەوڵەتییە لە چوارچێوەی پابەندبونەكانی عێراق بۆ بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتی دراو و سپیكردنەوەی پارە،هەروەها جێبەجێكردنی ئامانجی دەستەبەركردنی دادپەروەرییە لە كێبڕكێی بازرگانیدا.
ئەوەشیخستەڕو، دواكەوتن و ئاڵۆزی لە بەندەرەكان كە هاوكات بو لەگەڵ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی سیستەمەكە، كە بوەتە هۆی دواكەوتنی هاتنی كاڵاكان، حكومەت بڕیاری دەستبەجێی داوە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە، لەوانە نەهێشتنی تەواوەتی پشكی حكومەت لە كرێی عەمباركردنی بەندەرەكان و كەمكردنەوەی كرێی هاوبەشی وەبەرهێنان بە ڕێژەی 50%".
باسم عەوادی لە لێدوانەكەیدا وتەبێژی حكومەت ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە كە جێبەجێكردنی ئەم ڕێسایانە بە نەبونی نەختینەی دەوڵەتەوە بن و وتیشی، هەنگاوی تەنها ڕێكخراوەیین كە ئامانجیان چاكسازییە.
جەختیشیكردەوە، دەرگاكانی حكومەت كراوەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیكاكان و فیدراسیۆنەكان، بۆ چارەسەركردنی هەر نادادپەروەرییەك یان كەموكوڕییەك كە لە كاتی بەكارهێنانی پراكتیكی سیستەمەكەدا سەرهەڵبدات".
ئەسیكودا (ASYCUDA) (سیستمی ئۆتۆماتیكی بۆ بەڕێوەبردنی گومرگەكان) سیستمێكی پێشكەوتوی نێودەوڵەتییە بۆ بەئەلیكرۆنیكردنی كارە گومرگییەكان، لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین، نەهێشتنی گەندەڵی و خێراكردنی مامەڵەكان بەكاردێت، كە بوەتە هۆی زیادبونی بەرچاوی داهاتی گومرگ.