نەوا-
فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق هۆشداریدا لە لێكەوتە مەترسیدارەكانی بڕیاری تاكلایەنەی هەندێك لە گروپە چەكدارەكان بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ و رایگەیاندوە، ئەو بڕیارانە پێشێلكردنی دەستورن و دەوڵەت دەخەنە بەردەم مەترسیی سزای نێودەوڵەتییەوە.
فایەق زێدان لە وتارێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، بەپێی دەستور راگەیاندنی حاڵەتی جەنگ تەنها لە رێگەی میكانیزمێكی یاساییەوەیە كە هەردو سەرۆكایەتی كۆمارو ئەنجومەنی وەزیران تیایدا بەشدارن، پێویستی بەڕەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانەوە بێات، بۆیە هەر هەنگاوێك لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە هەڕەشەیە بۆ سەر سیستمی دیموكراسی و سەروەریی یاسا لە وڵاتدا.
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەشیكردوە، هەوڵی هەندێك لە گروپە چەكدارەكان بۆ قۆرخكردنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی هەڕەشەیەكی جدییە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت و سەقامگیریی كۆمەڵگای عیراق كە دەرەنجامەكەی دروستبونی پشێویی یاسایی و ئەمنییە، هەروەها هەبونی چەندین ناوەندی بڕیاری سەربازی، وڵات بەرەو ململانێی ناوخۆیی و هەرێمی دەبات بێئەوەی كۆدەنگییەكی نیشتمانی لەسەر بێت.