بەرلین هۆشداری دەدات لە لێكەوتەكانی كشانەوەی واشنتن لە ناتۆ و ترەمپ مەرجی نوێ دادەنێت

1 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
لە نوێترین پەرەسەندنی سیاسی نێوان ئەوروپا و ئەمریكادا، حكومەتی ئەڵمانیا نیگەرانییە قووڵەكانی خۆی بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بۆ جێهێشتنی هاوپەیمانی ناتۆ دەربڕی. 
یۆهانس وادیفول وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوە كرد كە هەرچەندە لێدوانەكانی واشنتن جێگەی دڵەڕاوكێن، بەڵام هێشتا بوار ماوە بۆ ئەوەی ئەمریكا لەو بڕیارە پەشیمان بكرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی لەوە كردەوە كە كلیلی مانەوەی ئەمریكا لەناو هاوپەیمانییەكەدا، پابەندبوونی ڕوونی وڵاتانی ئەوروپایە بە ئەركە سەربازییەكان، تاوەكو واشنتن قەناعەت بكات كە ناتۆ هێشتا وەك "چیرۆكێكی سەركەوتوو" ماوەتەوە. 
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن كە دۆناڵد ترەمپ و ماركۆ ڕوبیۆی وەزیری دەرەوەی، چەندین جار هەڕەشەی كشانەوەیان كردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی وڵاتانی ناتۆ ئامادە نین بەشداری لە شەڕێكی ئەگەریدا بكەن دژی ئێران.
شایەنی باسە ناتۆ كە لە ساڵی 1949ـەوە دامەزراوە و ئێستا 32 وڵات لەخۆدەگرێت، لەسەر بنەمای "بەرگری بەكۆمەڵ" كاردەكات، بەڵام ئەم گرژییانەی ئێستا گەورەترین مەترسی دەخەنە سەر یەكگرتوویی هاوپەیمانییەكە لە مێژووی نوێدا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group