ئیسماعیل قائانی: هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەرووی بابولمەندب هاوشێوەی گەرووی هورمزی لێ دەكەن

1 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەكی توندی ئاراستەی ئیسرائیل و ئەمریكا كرد و رایگەیاند، بەرەی نوێی جەنگ دەكەنەوە و هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەرووی بابولمەندب هاوشێوەی گەرووی هورمزی لێ دەكەن.
ئیسماعیل قائانی لە پەیامێكی نوێدا هۆشداریی دایە ئیسرائیل و ئەمریكا و رایگەیاند، بەرەی بەرگری (مقاوەمە) ئامادەكاری بۆ گۆڕینی هاوكێشەكان لە ناوچەكەدا دەكات.
باسی لەوەشكرد، كارە شەڕانگێزییەكانی ئیسرائیل لە لوبنان و غەززە بە پشتیوانیی ئەمریكا دەكرێن، ئەمەش وای كردووە بەرەی بەرگری بڕیاری پەرەپێدانی پشتیوانییەكانی بۆ هەردوو بەرەكە بدات و كار بۆ چالاككردنی بەرەی نوێی جەنگ بكات.
قائانی هەڕەشەی داخستنی گەرووی بابولمەندەبی كرد و روونیشی كردەوە، دۆخی هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەرووی بابولمەندب هاوتا و هاوشێوەی گەرووی هورمز دەكرێت.
قائانی هۆشداریی دایە ئیسرائیل و ئەوەشی خستە روو، كردنی تاوان لە یەك كاتدا لە باشووری لوبنان و غەززە، ئیسرائیل دەخاتە ناو گەردەلوولی هێرشەكانی حزبوڵڵا و جارێكی دیكە رووبەڕووی زریانی گەنجانی فەلەستینی دەبێتەوە.
گەرووی بابولمەندب یەكێكە لە رێڕەوە ئاوییە گرنگەكانی جیهان و دەكەوێتە نێوان یەمەن و قۆچی ئەفریقا، ساڵانە نزیكەی 15%ـی بازرگانیی دەریایی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group