خەڵکی هەردوو قەزای پێنجوێن و دوکان دەپرسن: "ئێمە کارەبامان ٢٤ سەعاتییە بە نرخی پێشوو، بۆچی دەیکەن بە بازرگانی؟" دەسەڵاتیش نازانێت چییان وەڵام بداتەوە! ئەمە ڕاستییەکەیە: بەرهەمی غاز زیادی کردووە، تا کۆتایی ئەمساڵ دەبێتە دوو هێندەی ساڵی پێشوو کە نزیکە لە یەک ملیۆن پێ سێجا، بەجۆرێک قازانجی کۆمپانیای دانەغاز تەنها لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە (٧٠٪) زیادی کردووە، بەمەش دەتوانرا کارەبای بەردەوام بۆ خەڵکی کوردستان بە هەمان نرخەکانی پێشوو (١٨ دینار بۆ کیلۆ واتێک) دابین بکرێت، واتە هەموو کوردستان وەک پێنجوێن و دوکان کارەبای ٢٤ سەعاتی بە نرخی حکومیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام وایان نەکرد، هاتن کارەبایان لەسەر خەڵک کردە بازرگانی، بۆ چەواشەکردنی ڕایگشتی وتیان: "بۆیە کارەباتان لەسەر گران دەکەین، چونکە دەیکەینە ٢٤ سەعاتی"، بەڵام لە ڕاستیدا بە ٢٤ سەعاتی تەنها پاساو بوو، ئەگەرنا ئامانجی سەرەکی بە بازرگانیکردنی بوو بە جۆرێک کارەبا لە خزمەتگوزارییەکی حکومییەوە کە تێچووی هەبێت بگۆڕن بۆ سەرچاوەی داهات، بۆیە ئێستە نازانن بە خەڵکی پێنجوێن و دوکان بڵێن چی! ئەمە ئەو ستەمە بوو لە خەڵک کرا! لە کاتی خۆیدا زۆرمان هەوڵدا ستەمی بە بازرگانیکردنی کارەبا لەسەر هاووڵاتیان سەر نەگرێت و کارەبای بەردەوام بە نرخی پێشوو( بە نرخی حکومی) بدرێت بە هاووڵاتیان، بەڵام گوێیان لێ نەگرتین، بۆ ئەو مەبەستە: - رایگشتیمان تێگەیاند. - پڕۆژەی بەدیلمان پێشکەشکرد. - لە کوردستان سکاڵامان تۆمار کرد. - لە دادگای باڵای ئیتیحادیش داوامان پێشکەش کرد. بۆچی ستەمە؟ بە پێی دەستورو یاسا بەرکارەکان، خزمەتگوزاریی بنەڕەتی ژیان، وەک ئاوو کارەباو قوتابخانەو نەخۆشخانەو ڕێگاوبان پەیوەندییان بە مافی بنەڕەتی خەڵکەوە هەیە، نابێت بە نرخی بازرگانی بە خەڵک بفرۆشرێن، دەبێت بە نرخی حکومی گونجاو بۆ خەڵک دابین بکرێن، تا هەموو خەڵک بێ جیاوازی ( بەتایبەت هەژارەکان) بتوانن سودی لێ وەرگرن. چی ڕوویدا؟ هەفتەی پێشوو باسی خێزانێکم کرد لە شاری هەولێر کە کارەبای لەسەر کوژێنرابوویەوە بەهۆی دواخستنی پارەی کارەبا، لە نمونەی ئەو خێزانانەی کە بە دێژایی ساڵێک هاوارمان کرد کە گرانکردنی کارەبا ستەمە لەو جۆرە هاووڵاتیانە، ویژدانێک نەبوو هاوارەکەمان ببیستێت! خێزانەکە پێکهاتبوون لە خێزانێکی شەش کەسی، ژنێک و پێنج منداڵی بێ سەرپەرشت، سیان لە منداڵەکان تۆتیزمن، کرێچین و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە، بەڵام بەهۆی دواخستنی (٢٤٥ هەزار) دیناری پارەی سێ مانگی کارەبا، کارەبایان لەسەر کوژاندبوونەوە، هەفتەیەک بوو بێ کارەبا بوون، ئەی چەند خێزانی تری ئاوا هەژارو بێ کەس هەیە، بێگومان هەزاران. سەرەنجام: گرانکردنی کارەباو بە بازرگانیکردنی بۆ ماڵە بەرپرس و دەوڵەمەندەکان زۆر باشە، بەڵام بۆ گیرفان ئاسایی و ماڵە هەژارەکان ستەمە، وێنەی ئەم ستەمە لە دنیادا کەمە.
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.