نەوا-
قەیس مەحمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پلانی نوێی حكوومەتی بۆ یەكخستنەوەی هێزە چەكدارەكان راگەیاند.
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، دەڵێت: هەموو ئەو فیرقە و گرووپە چەكدارانەی پێشتر سەر بە حەشدی شەعبی بوون یان پابەندییەكی سیاسییان هەبوو، دەخرێنە نێو ریزەكانی سوپای عێراقەوە.
هەروەها لیژنەیەكی تایبەت خەریكی دانانی ئالیەتێكن بۆ وەرگرتنەوەی هەموو جۆرە چەكێكی سووك، مامناوەند و قورس لەو گرووپانە.
قەیس مەحمەداوی وتیشی، رێز لە رۆڵی رابردووی ئەو هێزانە دەگرین لە پاراستنی عێراقدا، بەڵام دەبێت لەمەودوا تەنیا لەژێر ناوی سوپای عێراقدا كار بكەن.
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ئاماژەی بەوەش كرد، قسەیان لەگەڵ گرووپەكانی وەك (كەتائیبی ئیمام عەلی و عەسائیبی ئەهلولحەق) كردووە بۆ رادەستكردنی چەكەكانیان.
سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە، مەحمەداوی رایگەیاند، پێشمەرگە هێزێكی سەر بە هەرێمی كوردستانە و هەماهەنگییەكی بەردەوام و بەهێزیان لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە، بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی داعش لە ناوچە جیاوازەكاندا.