نەوا-
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خوێن هیچ جێگرەوەیەكی نییە و تەنیا مرۆڤ سەرچاوەكەیەتی، بۆیە بەخشینی خوێن ئەركێكی مرۆیی، نیشتمانی و شەرعییە بۆ رزگاركردنی ژیانی نەخۆش.
باسی لەوەشكرد، ساڵانە زیاتر لە 280,000 یەكەی خوێن بەسەر نەخۆشان دابەش دەكرێت، كە دەكاتە رۆژانە نزیكەی 780 بوتڵ خوێن.
وزیری تەندروستی راشیگەیاند، لە 66%ـی ئەو خوێنە لە كەرتی گشتی و 34%ـی لە كەرتی تایبەت بەكاردەهێنرێت، بانكی خوێنیش بە شەو و رۆژ و لە رۆژانی پشووشدا بەردەوامە لە دابینكردنی خوێن بۆ نەخۆشەكان.
جەختی لەوەش كردەوە، هەر بوتڵێك خوێن زیاتر لە 100 دۆلار تێچووی هەیە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو تێچووەكەی گرتووەتە ئەستۆ و بە خۆرایی دەدرێتە كەرتی گشتی و تایبەت.
رونیشیكردەوە كە تاوەكو ئێستا هیچ حاڵەتێكی گواستنەوەی نەخۆشی یان ڤایرۆس لە رێگەی گواستنەوەی خوێنەوە تۆمار نەكراوە.
وەزیری تەندروستی باسی لەوەش كرد، تەنیا سەنتەرەكانی بانكی خوێن كە دامەزراوەی حكوومین، مافی وەرگرتن و بەخشینی خوێنیان هەیە، دووپاتیشی كردەوە، بە شانازییەوە هەموو ساڵێك وەك خوێنبەخش بەشدار دەبن بۆ ئەوەی پەیامی "بەخشینی خوێن بەخشینی ژیانە" بە كۆمەڵگە بگەیەنن.