نەوا-
رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە، بەپێی زانیارییەكانی هێرش قادر بەڕێوەبەری ئۆفیسی (ئێن ئاڕ تی) لەهەولێر، ژمارەیەك لە كارمەندانی هێزی ناوخۆ بە دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە كەلوپەل و تەكنیكی ئۆفیسەكەیان گواستوەتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، ئەم هەنگاوە لەكاتێكدا ئەنجامدراوە كە رێكخراوەكەیان هەوڵی بەردەوامیداوە بۆ چارەسەرێكی یاسایی بۆ كردنەوەی دوبارەی ئۆفیسی هەولێر، بەڵام ئەو رەفتارە ئەمنیانە هەمو هەوڵەكانی چارەسەری مەدەنی و یاسایی خستوەتە ژێر پرسیارەوە.
هەر لەراگەیەنراوەكەی رێكخراوی پەیامنێراندا هاتوە كە بەكارهێنانی هێزی ئەمنی بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی پەیوەندیدار بە راگەیاندن پەیامێكی نەرێنی بۆ ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری لەسەر متمانەی نێودەوڵەتی بە دۆخی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەوانی و پابەندبون بەبنەما دیموكراسییەكان دەبێت، بۆیە داوا لەحكومەتی هەرێم و هەمو دەزگا پەیوەندیدارەكان دەكەن ئەم هەنگاوانە پێداچونەوەیان بۆ بكرێت، رێگا بۆ چارەسەری یاسایی و دادپەروەرانە بكرێتەوەو هەمو رێكارێك كە بۆ سنورداركردنی كاری راگەیاندن بوەستێنرێت.