ئەحمەد حاجی ڕەشید: ناڕوونییەكی گەورە لە كۆكردنەوەی داهاتەكاندا هەیە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ ئامار و بەیانێكی دروستی لە بەغداد نییە، ئەم بابەتە وایكردووە پەرلەمانتارانی كورد لە كۆبوونەوە فەرمییەكاندا نەتوانن بەرگری لە دۆسیەكان بكەن و زۆرجار تووشی شەرمەزاری دەبن، چونكە زانیارییان نییە داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەكان چەندە و بە چ میكانیزمێك كۆدەكرێتەوە و خەرج دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، هیچ ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاگاداری وردەكاریی ئەو 120 ملیار دینارە نییە كە وەك داهاتی نانەوتی باس دەكرێت و نازانرێت چۆن كۆدەكرێتەوە.
ئاشكراشیكرد، ناڕوونییەكی گەورە لە كۆكردنەوەی داهاتەكاندا هەیە، ئەوەشی بۆ نەبوونی یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە، كە وایكردووە حكومەتی فیدراڵیش ئاگاداری داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێم نەبێت.
ئەحمەد حاجی ڕەشید رونیكردەوە، بەغداد 3 مەرجی سەرەكی بۆ ناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان هەیە، كە بریتین لە: تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی فەرمیی وەزارەتی نەوت و ناردنی 120 ملیار دیناری پشكی داهاتی نانەوتی. بەڵام ناوبراو دڵنیایی دا كە ئەگەر دوو مەرجەكەی یەكەم (تەرازووی پێداچوونەوە و نووسراوی وەزارەتی نەوت) جێبەجێ بكرێن، ئەوا تەنیا نەناردنی 120 ملیارەكە نابێتە كێشە و ڕێگری.