نەوا-
ئەمڕۆ شەممە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دوای 17 ساڵ بە یەكەمین سەردانی گەیشتە دیمەشق.
پێشتریش ستیفان دوجاریك وتەبێژی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو، سەردانەكە لەسەر بانگهێشتی حكومەتی سوریایە و ئەمرۆ دوای گەیشتنی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندی یاوەری لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق لەلایەن ئەسعەد حەسەن ئەلشەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا پێشوازییان لێكرا.
ئاماژەی بەوەشدا، گۆتێرێس لە میانەی سەردانەكەیدا لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆكی سوریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیكەی سوریا كۆدەبێتەوە.
وتەبێژی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەم سەردانە لە قۆناغێكی چارەنووسسازدایە لە مێژووی سوریادا.
راشیگەیاند كە لە ماوەی مانەوەی لە دیمەشق، سكرتێری گشتی پابەندبوونی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پاڵپشتیكردنی حكومەت و گەلی سوریا دووپات دەكاتەوە، هاوكات جەختی لەسەر گرنگی رێزگرتن لە سەروەری و یەكڕیزی و یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكاتەوە.