ئیسماعیل بەقایی: وڵاتانی كەنداو باجی زیانەكانمان لە ئەستۆ دەگرن

2 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، تاران هەرگیز ئەو كردەوە دوژمنكارانەیە لەبیر ناكات كە لە چەند مانگی رابردوودا رووبەڕووی بووەتەوە.
دووپاتیشی كردەوە، وڵاتانی كەنداو بەرپرسیارێتیی ئەو زیان و زەرەرانە لە ئەستۆ دەگرن كە بەر وڵاتەكەی كەوتوون و لە سەرجەم كۆبوونەوەكانیشدا ئەم داواكارییە بە جیدی دەخەنەڕوو.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەكان و كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان تاران و بەغدا و وڵاتانی كەنداو، بەقایی رەتیكردەوە ئەم هەنگاوە تەنها پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتەوە هەبێت، بەڵكو بەرهەمی گفتوگۆیەكی 6 مانگەیە.
باسی لەوەشكرد، ئێران لە ماوەی رابردوودا بە شێوەیەكی بەرگریكارانە بنكە سەربازییەكانی ئەمریكای لەو وڵاتانە كردووەتە ئامانج بەبێ ئەوەی لەگەڵ خودی ئەو دەوڵەتانەدا لە دۆخی جەنگدا بێت، بەڵام بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی ناوچەكە و رێگریكردن لە دەستتێوەردانی بێگانە، گفتوگۆی ناوخۆیی نێوان وڵاتانی هەرێمەكە لەوپەڕی گرنگیدایە، هەرچەندە كشانەوەی سەربازانی بیانیش كاتی پێویستە.
لە تەوەرێكی دیكەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەستبەسەرداگرتنی گەرووی هورمزی لەلایەن هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەیەوە دووپات كردەوە و وتی، گەرووەكە بە تەواوی لەژێر كۆنترۆڵی ئێراندایە. روونیشیكردەوە، هۆكاری داخرانی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووەكەدا بۆ پەلامارەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و بەكارهێنانی خاكی وڵاتانی باشووری كەنداو دەگەڕێتەوە، سەرەڕای ئەوەی تاران پابەندی لێكتێگەیشتنی 18ی حوزەیرانی ئیسلام ئاباد بووە، بەڵام واشنتن دوای 21 بۆ 22 رۆژ رێككەوتنەكەی شكاندووە، بۆیە ئەمریكا بەرپرسیاری یەكەمە لە بەرزبوونەوەی نرخ و قەیرانی وزە لە جیهاندا.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، بەقایی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە نایاسایی و بێ بنەما وەسف كرد كە لە سەرلێشێواویی داڕێژەرانیەوە سەرچاوەی گرتووە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی هۆشداریی دایە ئەو وڵاتانەی دەنگیان بە بڕیارەكە داوە، بەتایبەت سعوودیە و ژاپۆن، و رایگەیاند كە هیچ پاساوێك بۆ هەڵوێستەكەیان نییە و بە دڵنیاییەوە باجەكەی لە ئەستۆ دەگرن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group