هەیبەت حەلبووسی سەركۆنەی هێرشەكانی سەر سعوودیە دەكات

46 خولەک پێش ئێستا عێراق

نەوا-
لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەكارهێنانی خاكی عێراق یان ئاسمانەكەی بۆ هەڕەشەكردن لە ئاسایشی سعوودیەی برا یان هەر وڵاتێكی دیكەی دراوسێ، كارێكی رەتكراوە و سەركۆنەكراوە.
باسی لەوەشكرد، ئەم جۆرە كردەوانە بە تەواوی پێچەوانەی سیاسەتی فەرمیی عێراق، بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و پەیوەندییە دۆستانەكانیەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران هۆشداری دا لە مەترسییەكانی پەلكێشكردنی عێراق بۆ ناو ململانێ هەرێمییەكان، لەو چوارچێوەیەشدا گرنگیی هێشتنەوەی چەكی تەنیا لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەكاندا دووپات كردەوە، دەبێت لەژێر فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندا بێت، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ بەهێزكردنی سەروەریی دەوڵەت و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.
حەلبووسی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ڕێكارەكانی حكومەتی عێراق دەربڕی، بەتایبەتی بڕیاری دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلە بۆ ئاشكراكردنی ئەو لایەنانەی لەم هێرشانەدا تێوەگلاون و رووبەڕووكردنەوەیان بە یاسا.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، هەیبەت حەلبووسی ستایشی هەوڵەكانی حكوومەتی كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و پاراستنی پەیوەندییە دۆستانەكانی نێوان بەغدا و ریاز، بە جۆرێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی عێراق بكات و وڵات و ناوچەكە لە ئاڵۆزیی و گرژیی زیاتر بەدوور بگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group