مەسرور بارزانی: نەگەڕانەوە بۆ پەرلەمان ڕاكردنە لە بەرپرسیارێتی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە دوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان هیچ مەترسییەكی ئەمنی لەسەر هەرێمی كوردستان نییە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، داوام كرد پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، چونكە ئەوە بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانیی ئەو كەسانەیە كە خەڵك دەنگی پێ داون و پێویستە ئەوانیش هەست بەو بەرپرسیارێتییە بكەن و وەفایان هەبێت بەرامبەر ئەو دەنگانەی پییان دراوە، وتیشی، نازانم ئەو پەرلەمانتارانە لە چی دەترسن، نەگەڕانەوە بۆ پەرلەمان ڕاكردنە لە بەرپرسیارێتی.
سەبارەت بە پرسی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانایش سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، مەترسیمان نییە بۆشایی ئەمنی دروست بێت، تەنیا خاڵ بەلامانەوە گرنگە دەستكەوتنی هێزی بەرگری ئاسمانییە و لەو ڕووەوە پێویستمان بە دۆستەكانمان و عێراقە.
دەربارەی پشكی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی 2027ی عێراقدا، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هێشتا مەسەلەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا یەكلا نەبووەتەوە، بەڵام لە گفتوگۆی بەردەوامداین بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور.
باسی لەوەشكرد، خەڵكی كوردستان با دڵنیا بن هیچ كێشە و مەترسییەكی ئەمنی لەسەر هەرێمی كوردستان نییە.
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، كە زۆر گەشبینین بە ئایندەی وڵاتەكەمان و خەریكی كێشە كۆنەكانیشمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەرەو چارەسەر دەچن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group