نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پاش بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری، هێزەكانیان توانیویانە تیرۆریستێكی داواكراو دەستگیربكەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، تیرۆرستە دەستگیركراوەكە ئەندامی بەناو رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بووە و لە فیرقەی 210ـی ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە بووە و چالاكی كردووە.
روونیشكراوەتەوە، باوكی تاوانبارەكە لە ریزەكانی داعشدا لە ویلایەتی باكووری بەغداد فەرماندەی مەفرەزەی سەربازی بووە، پاشان كراوەتە والی (فەلوجە) و لە قەزای 'ئەبو غرێب' لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیدا كوژراوە، هەروەها برایەكی لە ناوچەی "نباعی" لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراوە.
ئەوەشی روونكردەوە، تیرۆریستی دەستگیركراو، پاش رووخانی داعش، رووی لە شاری سلێمانی كردووە و لەوێ نیشتەجێ بووە، لە هەمان كاتدا وەك ئەندامێكی چالاكی ڕێكخراوەكە لە سنووری سلێمانی بەردەوام بووە لە چالاكییەكانی تا ئەو كاتەی لەلایەن هێزەكانی دژەتیرۆرەوە دەستگیركرا.