نەوا-
رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە پەیامێكدا بڵاویكردوەتەوە، سوكایەتی كردن بە رۆژنامەنوسان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دیاردەیەكی ناپەسەندە چەندینجار دوبارە بووتەوە و بوەتە هۆی نیگەرانییەكی جدی.
رێكخراوەكە دەڵێت، ئەوەی زیاتر جێی نیگەرایە بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكانە بەرامبەر ئەم جۆرە هەڵسوكەوتە چونكە لە روانگەی رێكخراوەكەیانەوە سوكایەتیكردن بە رۆژنامەنوسان تەنها بێڕێزیكردن بە كەسایەتی تاك نییە، بەڵكو هەوڵێكە بۆ ناشیرینكردنی پیشەی رۆژنامەنوسی و كەمكردنەوەی رێزو متمانەی كۆمەڵگا بە میدیا.
رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردوە بە بێدەنگییەكەیان كۆتایی بهێنن و بە بەرپرسیارییەوە هەڵوێستێكی روون بگرنەبەر بۆئەوەی رێز لە رۆژنامەنووسان و مافیان بگیرێت و رێگری لە دوبارەبونەوەی ئەم دیاردەیە بكرێت، نەهێڵن ئەم جۆرە رەفتارانە زیان بە ناوبانگ و وێنەی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بگەیەنێت.