نەوا-
ئەردەڵان محەمەد سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان لە نوسراوێكدا بانگەوازی بۆ دانیشتنی پەرلەمان رەتكردەوەو رایگەیاند: ئەو بانگەوازەی لە سایتی فەرمی پەرلەمانی كوردستاندا بڵاوكراوەتەوە، دورو نزیك پەیوەندی بە سەرۆكایەتی دیوانەوە نییەو هیچ كەس و لایەنێكیان بۆ ئەو ئەركە رانەسپاردوە.
سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەشیكردوە، رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی ئەندامانی پەرلەمان كە دەكاتە (1+50)، بە رەسمی بە دەستیان نەگەیشتوە، تەنها واژۆی 43 پەرلەمانتار گەیشتوەتە سەرۆكایەتی دیوان و ئەو ژمارەیەش رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان تەواو ناكات.
لەلایەكی ترەوە، كاوە عەبدولقادر ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ بڵاویكردوەتەوە، بەپێی پەیڕەو دەبێت محەمەد سلێمان وە سەرۆكی تەمەن بانگهێشتی ئەندامان بكات، بەڵام نە ئەو و نە سەرۆكی دیوان بانگهێشتیان نەكردوە لەكاتێكدا هەردوكیان لە كوردستانن و ئامادەن، بۆیە ئەو نوسراوەی بەناوی سەرۆكایەتی دیوان بڵاوكراوەتەوە هیچ بەهایەكی یاسایی نیە.