"پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی لەم قۆناغەدا كارێكی قورسە"

06/12/2018

نەوا – سالم سەلیم 
پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی لە بەغدا  لەم قۆناغەدا كارێكی ئاسان نییە، چونكە هەر حزبەو لە هەوڵدایە دەستكەوت و پۆستی زیاتر بۆ خۆی بەدەست بهێنێت.
دانا محەمەد جەزا ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ رادیۆی نەوا وتی: "لە ئێستادا دروستكردنی هاوپەیمانی كوردستانی كارێكی قورسە چونكە هێزو لایەنە كوردییەكان لەهەوڵدان كارنامەی حزبەكانیان جێبەجێ‌ بكەن و پۆست و دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنن و سەرجەمیان خوازیارن رۆڵی زیاتریان هەبێت لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا."
پەرلەمانتارەكەی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ رادیۆی نەوا جەختی لەوەشكردەوە، گرنگە كوتلە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گەلی كورد كاربكەن لە بەغدا و ئەگەر هاوپەیمانی كوردستانیش پێك نەهێنن، دەتوانن رێكبكەون و پەیماننامەیەكی شەرەف لە نێوانیاندا هەبێت بۆ داكۆكیكردن لە پرسی چارەنوسسازەكان و مافە دەستورییەكانی هەرێم.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group