(تاکسی و باس بە بەلاش) بۆ یەکەمجار لەمێژوودا وڵاتێکی ئەوروپی هۆیەکانی گواستنەوەی کردە بێبەرامبەر

06/12/2018 هەمەڕەنگ

نەوا
بۆ یەکەمجار لەمێژوودا، وڵاتی لۆکسمبۆرگ سەرجەم هۆیەکی گواستنەوەی بۆ هاوڵاتیانی کردە بێبەرامبەر و تەواوی بلیتی مانگانە و ساڵانەی دانیشتوانی بۆ ساڵی 2019 بەفەرمی ڕەت کردەوە.
ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی بڵاویکردۆتەوە، وڵاتی لۆکسمبۆرگ بەفەرمی بڕیاریداوە سەرجەم بلیتی دانیشتوان بۆ گواستنەوەکانی شەمەندۆفێر و باس و تاکسی هەڵبوەشێنێتەوە، بەوشێوەیەش سەرجەم هۆیەکی گواستنەوە بۆ هاوڵاتیانی بەبێ بەرامبەر بەکاردەخات، بڕیارەکەش لەهاوینی 2019وە کاری پێدەکرێت.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی لۆکسمبۆرگ بێهۆ نییە، بەڵکو پاش ئەوە دێت کە خاڤێر بیتڵ وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە هەڵبژێدرا و ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی ئەو بەڵێنانەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردەکاندا بە دەنگدەرانی دابوو.
بەپێی سەرچاوەکان، حکومەتی لۆکسمبۆرگ لەپێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و هاندانی دانیشتوان بۆ لابردنی ئوتۆمبێلەکانیان و بەکارهێنانی هۆیەکانی تری گواستنەوە ئەم هەنگاوەی ناوە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە دانیشتوانی شارێکی وەک لۆکسمبۆرگ سیتی 110 هەزار کەسە و 400 هەزار کەس بۆ کار و کاسبی ڕوویان تێکردووە و بووە بەیەکێک لە قەرەباڵغترین شاری جیهان لەڕووی ترافیک و ڕێژەی ئوتۆمبێلەوە.
کۆی دانیشتوانی ئەم وڵاتە 600 هەزار کەسە، نزیکەی 200 هەزاریان لە وڵاتانی فەرەنسا و بەلجیکا و ئەڵمانیا کاردەکەن و ڕۆژانە سنورەکان دەبڕن، بلیتێکی ئاسایی بۆ گەشتێک لەنێوان ناوچەکانی ئەم وڵاتە تەنها دوو یورۆیە، چونکە ماوەی نێوانیان کەمە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group