ئه‌مریكا هێز و چه‌كى قورسى ره‌وانه‌ى سنوره‌كانى عیراق-سوریا كرد

10/02/2019 عێراق

نه‌وا
سوپاى ئه‌مریكا هێزى پاڵپشتى و چه‌كى قورسى ره‌وانه‌ى ناوچه‌ى "ته‌نه‌ف" له‌سه‌ر سنورى عیراق-سوریا كرد، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی پاككردنه‌وه‌ى كۆتا ناوچه‌ى سوریا له‌چه‌كدارانى داعش له‌لایه‌ن هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى عیراقى به‌ئاژانسى ئه‌نادۆڵیان وتوه‌، سوپاى ئه‌مریكا هێز و چه‌كى قورس و مامناوه‌ندى ره‌وانه‌ى ناوچه‌ى "ته‌نه‌ف" كردوه‌، كه‌ له‌سه‌ر سنوری نێوان عیراق و سوریایه‌، ئه‌وه‌ش بۆ به‌هێزكردنى ئه‌و سنورانه‌ و رێگرتنه‌ له‌ چه‌كدارانى داعش تا دزه‌ نه‌كه‌نه‌ ناو خاكی عیراقه‌وه‌.
ئه‌فسه‌رێكى عیراقیش به‌ ئاژانسه‌كه‌ی وتوه‌، ئه‌و هێزى پاڵپشتییه‌ى ئه‌مریكا له‌سه‌ربازگه‌ى "عین ئه‌لئه‌سه‌د"ی ناوچه‌ى به‌غدادى سه‌ربه‌ پارێزگاى ئه‌نباره‌وه‌ چونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ و بڵاوبونه‌ته‌وه‌.
ئه‌و جموجوڵه‌ی ئه‌مریكییه‌كان له‌كاتێكدایه‌، له‌ دره‌نگانی شه‌وی رابردوه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنى كۆتا مۆڵگه‌ى رێكخراوى داعش له‌پارێزگاى دێرزۆرى سوریا له‌لایه‌ن هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات "هه‌سه‌ده‌"ه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ و ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ چه‌كدارانى داعش هه‌ڵبێن و بێنه‌ عیراقه‌وه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group