هۆكاری نەناردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم ئاشكرا دەكرێت

16/03/2019 عێراق

 

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستانی دابین كردبوو، بەڵام وەزارەتی بازرگانی پارەكەی بۆ خۆی خەرج كردووە. دەشڵێ: "بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون و دەبێت لەمساڵدا جووتیاران شایستە داراییەكانیان وەربگرن".
بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە: "لە ساڵی 2015 وەزارەتی دارایی عێراق پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی دابین كردبوو، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی ئەو كاتی عێراق پارەی ساڵەكانی (2015-2016-2017)ی بە فەرمانی حەیدەر عەبادی راگرتبوو و بۆ خەرجییەكانی خۆی بەكاری هێناوەو نەیناردووە بۆ جووتیارانی هەرێم".
حەداد دڵناییش دەدات كە هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانی جووتیاران و جەختیشی كردۆتەوە: "لە بودجەی 2019 ماددەیەك دانراوە، كە ئەو پارەیە جارێكی تر خەرج بكرێتەوە."
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق روونیشی كردۆتەوە، ئەو بابەتە لە نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانیی عێراقدایە، وتیشی: "ئێمە بەردەوام بەدواداچوون دەكەین و دەبێت لەمساڵدا جووتیاران ئەم پارەیە وەربگرن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group