گۆڕان بڕیار لە شێواز و میكانیزمی بەشداریكردنی لە حكومەتی هەرێم دەدات

17/03/2019

نەوا
بەمەبەستی‌ گفتوگۆكردن لەسەر شێواز و میكانیزمی‌ بەشداریكردنی‌ گۆڕان لە كابینەی‌ نوێی‌ حكومەتی‌ هەرێمدا، كۆبونەوەی جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان دەستیپێكرد‌.
میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویكردەوە، پێشنیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بە سەرپەرشتی‌ عومەر سەید عەلی‌ رێكخەری‌ گشتیی‌ بزوتنەوەكە لە مەكۆی‌ سەرەكی‌ دەستیپێكردوە.
كۆبونەوەكەی‌ ئەمڕۆی‌ جڤات لەكاتێكدایە، كە لە ماوەی‌ رابردودا بزوتنەوەی‌ گۆڕان بە رێككەوتنێكی‌ سیاسی‌ لەگەڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڕیاری‌ بەشداریكردنی‌ لەم كابینەیە دا‌، ئەمڕۆش جڤاتی نیشتمانی لە كۆبونەوەكەیدا پێشنیارەكانی‌ دوێنێی جڤاتی‌ گشتی‌ و خانەی‌ راپەڕاندن تاووتوێ دەكات و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو پێشنیارانە لەسەر میكانیزمی‌ بەشداریكردنی‌ گۆڕانە لە كابینەی‌ حكومەت و شێوازی‌ دانانی‌ كاندیدەكانە بۆ ئەو پۆستانەی‌ لە حكومەتدا رێككەوتنیان لەسەر كراوە بۆئەوەی بدرێنە بزوتنەوەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group