روبن هود لە ئەڵمانیا 5 كەس دەكوژێت!

15/05/2019 جیهان

نوا
پۆلیسی ئەڵمانیا تەرمی 5 كەسی لە دوو ناوچەی جیاواز دۆزیوەتەوە، كە لەڕێگەی تیروكەوانەوە كوژراون و تائێستاش هیچ سەرەداوێك لەبارەی ئەو تاوانانە ئاشكرانەكراوە.
پۆلیسی ئەڵمانی بڵاویكردوەتەوە، لەگوندێكی ناوچەی باساو لە هەرێمی باڤاریا تەرمی سێ كەس لەژوورێكی هۆتێلێكدا دۆزراونەتەوە، كە لەڕێگەی تیروكەوانەوە كوژراون و لەهەوادارانی چەكە كۆنەكانی چاخەكانی ناوەڕاست بوون.
سێ‌ كەسەكە، لە 2 ژن و پیاوێك پێكدێن و پیاوەكە تەمەنی 53 ساڵە، ژنەكانیش 33 ساڵ و 30 ساڵن، لەكاتی دۆزینەوەی تەرمەكانیان سێ‌ تیروكەوانی مۆدێرن لە ژورەكەیاندا بوە و پیاوەكە و یەكێك لە ژنەكان لەسەر جێی نوستنەكە بون و دەستی یەكتریان گرتوە، پیاوەكە 3 تیر دراوە لە دڵی و دووانیش لەسەری، هەروەها ژنەكە تیرێك لە سەری و تیرێك لە دڵی دراوە، ژنەكەی دیكە لەسەر زەوی بوە و تیرێك دراوە لە ملی.
ئیدارەی ئەو هۆتێلە، كە لەلای سەردانیكەرانی چیاكانەوە بەناوبانگە، باس لەوەدەكەن ئەو سێ كەسە، هیچ كەسێكی دیكەیان لەگەڵدا نەبوە لە ژورەكەدا و خزمەتكارەكە لەكاتی چوون بۆ پاككردنەوەی ژورەكەیان، تەرمەكانیانی دۆزیوەتەوە.
پۆلیسی ئەڵمانی ئاشكراشیكردوە، تەرمی دوو ژنی دیكە لەشوقەیەكدا لەناوچەی فیتینگن دۆزراونەتەوە، كە 650 كلیۆمەتر لە هۆتێلەكەوە دورە، بەڵام هیچ تیروكەوانێك لە شوقەكەیاندا نەدۆزراوەتەوە و دیار نییە چۆن كوژراون، یەكێك لە ژنەكان 35 ساڵە و ئەوی دیكە هێشتا 19 ساڵی تەواو نەكردوە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان، كچە گەنجە كوژراوەكەی نێو هۆتێلەكە و دوو ژنەكەی هۆتێلەكە، كە بە تیروكەوان كوژراون، خەڵكی یەك ویلایەتی ئەڵمانیان و بەپێی وتەی شایەتحاڵەكانیش ژنە 35 ساڵەكە، شەریكی ئەو ژنە 30 ساڵەیە، كە لە هۆتێلەكەدا كوژراوە و تیرێك بە ملیەوە بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group