"عیراق و هەرێمی كوردستان بەشێك دەبن لە ئاڵۆزییەكانی ئێران و ئەمریكا"

15/05/2019
كامەران باجەلان راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق
نەوا - كاروان مەحمود
راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رونكردنەوە لەبارەی هەڕەشەكانی ئەمریكاو ئێران و روبەڕووبوونەوەی سەربازی دەدات و ئەوەش دەڵێت: "هەر ئاڵۆزییەك روبدات، عیراق و هەرێمی كوردستان بەشێك دەبێت لەوئاڵۆزیانە".
كامەران باجەلان راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لەدوای ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران گرژی بەخۆوە بینی، دۆخەكە بەجۆرێك لە عیراق ئاڵۆز بووەو لەدوای تەقاندنەوەی دوو بۆری نەوتی سعودیەو هێرش بۆ سەر چوار كەشتی لەنزیك ئاوی هەرێمی ئیمارات، ئەمریكا لە عیراق مەترسی لەسەر دروستبووەو هەوڵی خۆ رێكخستنەوە دەدات و ئامادەكاری بۆ بەرگرتن لە روداوی دیكە دەگرێتە بەر.
 وتیشی: "بەڵام پێی ناچێت دۆخەكە بگاتە روبەڕووبوونەوە چونكە ناوچەكە پێویستی بە تەوازن هەیەو ئامانجی ئەمریكاو هێزە هاوپەیمانەكانیش ئەوەی ئەو هاوسەنگییە رابگرن لە دوای نەمانی داعش و كەوتنی حكومەتەكان كە سەر بە ئیخوان بوون، دەیانەوێت دەسەڵاتەكانی ئێران لە عیراق، یەمەن، لوبنان و سوریا نەمێنێت و ناوچەكە جارێكی دیكە گۆڕانكاری تێدا بكرێت لە رووی سیستەمی سیاسییەوە.
باسی لەوەشكرد، دۆخی ئەو ناچانەی پێشتر جەنگی تێدا بووە لە رووی ئەمنیی و دارایی تەنانەت پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە تێكچووەو ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی لە داهاتوو روبەڕوبونەوەی لەوناوچانە روبدات و تیرۆر سەرهەڵبدات، بۆ ئەوەش پێویستی بە هاوسەنگی هەیە.
ئایا لە ئەگەری روبەڕوبوونەوەی ئەمریكاو ئێران مەترسی لەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆ ئەوەڵامی ئەو پرسیارە، كامەران باجەلان راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، عیراق و هەرێمی كوردستان بەشێكن لەكێشەكانی ناوچەكە، چونكە ئێران سنورێكی زۆری لەگەڵیان هەیە، هەروەها ئێران دەسەڵاتێكی زۆری هەیە لەناوچەكەو تەنانەت لەدامودەزگاكانی حكومەتیش رۆڵی هەیە، باسی لەوەشكرد، ئێران هێزی زەمینی هەیە لە عیراق كە تایبەتە بەخۆی ".
باسی لەوەشكرد، هەرەشەكانی سوپای پاسداران لەهەرێمی كوردستان لەبەرانبەر سەردانی وەزیر دەرەوەی ئەمریكا بوو بۆ عیراق كە هۆشداریدایە عیراق و هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران و ئێرانیش بەوجۆرە هۆشداریدا، لەبەر ئەوە هەر ئاڵۆزییەك روبدات عیراق و هەرێمی كوردستان بەشێك دەبین لەو ئاڵۆزیانەو ساحەی عیراق دەبێتە شوێنی ئاڵۆزییەكان چونكە لە عیراق و هەرێمی كوردستان هێزەكان هێزی حكومی نین و هێزی حزبەكانن. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group