بەڕێوەبەری گشتی ڤێرتێرنەری هەرێم: بەرهەمی ناوخۆیی هێلكە زیاترە لە یەك ملیار

16/05/2019
جەمال ئاكرەیی بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری هەرێمی كوردستان

نەوا
بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری هەرێمی كوردستان، رایگەیاند كە قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی هێلكە نزیكەی یەك ملیار و 200 ملیۆنە و هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە 850  ملیۆن هێلكە هەیە لە ساڵێكدا.
جەمال ئاكرەیی وتی: "دوو جۆر هێلكە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە كە تەنها لە رووی رەنگەوە جیاوازییان هەیە و بە گشتی خەڵكی هەرێمی كوردستان خواستی لەسەر هێلكەی سپی هەیە و خەڵكی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، خواستیان لەسەر هێلكەی قاوەیی هەیە، بەڵام لە رووی پێكهاتەییەوە هیچ جیاوازییەكییان نییە".
بەڕێوەبەری گشتی ڤێرتێرنەری هەرێمی كوردستان لەبارەی ژمارەی كێڵگەكان و قەبارەی بەرهەمێنانی هێلكە لە هەرێمی كوردستان وتی: "لە هەرێمی كوردستان 10 پڕۆژەمان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هێلكە، یەك دانەی لە شاری دهۆكە و ئەوانی دیكە لە شاری هەولێرن، ساڵانە نزیكەی یەك ملیار و 200 ملیۆن هێلكە بەرهەم دەهێنین، بۆ پێداویستی ناوخۆش، هەرێمی كوردستان پێویستی850  ملیۆن هێلكە هەیە، چونكە هەر هاووڵاتییەك بەپێی ستاندارد بۆی هەیە ساڵانە 150 هێلكە بخوات، بەڵام لەكۆی بەرهەمهێنانی هێلكە، 95%ی هێلكەی بەرهەمهاتوو رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەكرێت".
جەمال ئاكرەیی وتیشی: "ئەگەر هاتوو ئەو هێلكەیەی لێرە بەرهەم دەهێندرێت و لێرەش ساغ بكرێتەوە، ئەوا پێویستمان بەهاوردەكردنی هێلكە نییە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە بازرگانییەوە هەیە چونكە، ئەو پڕۆژانە زۆربەیان گرێبەستیان هەیە لەگەڵ بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و كەمیان بەرهەمەكانیان لە كوردستان ساغ دەكەنەوە، چونكە لەوێ هەندێك نرخی گرانترە، بۆیەش لەبەرامبەردا هێلكەی دیكە لە وڵاتانی وەكو توركیا و ئۆكراینا هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت".
سەبارەت بە قەبارەی هێلكەی هاوردەكراو لە وڵاتانی وەك توركیا و ئۆكراینا، بەڕێوەبەری گشتی ڤێرتێرنەری هەرێمی كوردستان وتی: "بە گشتی ساڵانە نزیكەی 80 تا 90 هەزار تۆن هێلكە هاوردەی عێراق دەكرێت و ئەو هێلكانە لە توركیا و ئۆكراینا دەهێندرێن، پێشووتر لە وڵاتی ئێرانیش هاوردە دەكرا، بەڵام بەهۆی هەبوونی پەتای ئەنفلۆنزا لەو وڵاتە، ئەوا رێگا نادەین هێلكە و مریشك و بەرووبوومەكانی دیكە هاوردە بكرێت".


بەرووبوومی هێلكە پێویستە مێژووی دەرچوون و بەسەرچوونی بەسەرەوە بێت و ئەمەش لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە بەپێی كەشوهەوا گۆڕانكاری بەسەردا دێت و سەبارەت بەم بابەتەش، دكتۆر جەمال ئاكرەیی وتی: "لەلای ئێمە دەبێت مێژووی یەك مانگی بەسەرەوە بێت، بەڵام لە شارەكانی دیكەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق رێگاپێدراوە كە مێژووی سێ مانگی بەسەرەوەبێت، چونكە ئێمە رەچاوی پلەی گەرما و كارەبامان كردووە".
لەبارەی مەرجەكانی هاوردەكردنی هێلكە لە وڵاتانی دیكەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ناوبراو وتی: "چوارجۆر هێلكە هەیە لەرووی قەبارەوە، ئێمە بە گشتی كاتێك رەزامەندی هاوردەكردن دەدەین، ئەوا دەبێت لەجۆری مامناوەندی گەورەتربێت و هەر هێلكەیەك 55 تا 60 گرام بێت و كارتۆنی لەسەرەوەی 22 كیلۆ بێت، هەروەها دەبێت مێژووی دەرچوون و تەواوبوونی یەك مانگی بەسەرەوە بێت و مەرجە ئەو كاتەی دێتە ناو هەرێمی كوردستان 30%ی تەمەنی لەدەست نەدابێت و دوای ئەوەش پشكنینی لە تاقیگە بۆ دەكرێت و پاشان رێگایان پێ دەدرێت".
بەڕێوەبەری گشتی ڤێرتێرنەری هەرێمی كوردستان، راشیگەیاند: "نووسراوێكیان ئاراستەی كشتوكاڵی هەموو پارێزگاكان كردووە كە ئەو هێلكانەی مۆری مێژووی بەرهەمهێنان و بەسەرچوونی بەسەرەوە نییە، لێی دووربكەنەوە، چونكە نازانرێت ئەم هێلكەیە كەی بەرهەمهاتووەو ئەگەریش پابەند نەبن ئێمە یارمەتییان نادەین و بڕوانامەی تەندروستییان پێ نادەین بۆئەوەی هێلكە هاوردەی شارەكانی دیكەی عیراق بكرێت، بەگشتی تیمێكی هاوبەشی تەندروستی و كشتوكاڵ و قایمقامیەت هەیەو لە ئەگەری هەبوونی حاڵەتێكی وا، ئەوا بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group