كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن یەك مانگ نوێكردنەوەی ناو و داتای ئاوارەكان درێژدەكاتەوە

10/07/2019 عێراق

نەوا
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایدەگەیەنێت، ماوەی نوێكردنەوەی ناو و داتای ئاوارەكانی كەمپەكانی هەرێمی كوردستان بۆ یەك مانگی دیكە درێژكردوەتەوە و تاوەكو 11ی مانگی ئاب دەتوانن ناوەكانیان نوێ بكەنەوە.
پێشتر كۆمیسیۆن 11ی ئەم مانگەی وەكو دوا وادە بۆ نوێكردنەوەی ناو و داتای ئاوارەكانی نێو كەمپەكان دیاریكردبو، بەڵام بۆ مانگێكی دیكە ماوەكەی درێژكردەوە.
لەوبارەیەوە ئەحمەد رەحیم بەشارە سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت "كۆمیسیۆن ماوەی تۆماركردن و نوێكردنەوەی بایۆمەتریی بۆ ئاوارەكان لە كەمپەكان درێژكردووەتەوە و ماوەی مانگێكی زیادكردووە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە بەباشی تەواوبكرێت".
هەروەها دەڵێت "دوایین وادەی نوێكردنەوەی بایۆمەتریی ئاوارەكان 11ی مانگی ئاب دەبێت لەبری وادەی پێشوو، كە 11ی مانگی تەمموز بوو، ئەوەش بۆ ئەوەیە كە كاتێكی باشتر لەبەردەستی ئاوارەكانی نێو كەمپەكان بێت تا بتوانن ناو و داتاكانیان نوێ بكەنەوە و خۆیان ئامادەبكەن بۆ ئەوەی مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان نەفەوتێت".
سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەدرێژەی قسەكانیدا ئەوەشی رونكردوەتەوە كۆمیسیۆن چەندین تیمی گەڕۆكی بۆ كەمپەكان ئامادەكردوە و بەدیاریكراویش لە 17 كەمپی دهۆك و شەش كەمپ لە هەولێر و شەش كەمپ لە سلێمانی بەردەوامن لەكارەكانیان.
ئەوەشی وتوە، ئەو تیمانە لە 10ی بەیانییەوە تا كۆتایی دەوامی فەرمی كارەكانیان دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group